بیلال موسلیم - پێشبڕکێیی بیرکاری

بیلال موسلیم مو‌حەممەد لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٤، دانیشتووی شاری هەولێر، لە قوتابخانەی (سێکێل) لە چۆمان  دەستی بەخوێندن کردووە، وە لە قوتابخانەکانی (جودی،هانا) خوێندویەتی و ئێستاش لە ( ئامادەیی کوردستانی کوڕان) دەخوێنێت .


هەر لە سەرەتاکانی تەمەنیەوە زۆر حەزی بە بیرکردنەوە و بابەتە بیرکاریەکان بووە بۆیە توانیویەتی پەرە بەو بوارە بدات تاوەکو بووەتە خولیایەک بۆی، بە هۆی سود وەرگرتن لە( یاریە لۆژیکیەکان، زۆر شیکارکردنی پرسیارە بیرکاریەکان، ........هتد)

وە لەبەر ئەوەی بیرکاری بنچینەی هەموو زانستەکانە و کاریگەرترین پایەیە بۆ خوێندن، بۆیە توانیویەتی لە بوارەکانی تری خوێندنیش ئاستێکی بەرز بەدەست بێنێت .

جگە لە قوتابخانە لەماڵەوەش دایک و باوکی یارمەتیدەر و هاندەری سەرەکی بوونە بۆ سەرکەوتنی لە ژیانیدا، هەر وەکو خۆی وتی: "لەدوای خودای گەورە دایک وباوکم گرنگترین هۆکار بوون بۆ سەرکەوتنم.".


لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠) کە پۆلی ١٠ ی زانستی بووە، پێشبڕکێیەکی بیرکاری لەسەر ئاستی هەرێم سازدرا لەلایەن دەزگای روانگە  کە هەر قوتابخانەیەک بۆی هەبوو یەک قوتابی پۆلی دە ی زانستی بەشداری پێبکات. پێشبڕکێیەکە لە چوار قۆنا‌‌‌‌‌غ پێکهاتبوو کە ٦١٤ قوتابی تێیدا بەشداربوو .

دوای ئەمە دەستەی کارگێڕی ئامادەیی کوردستان کەوتە هەڵبژاردنی قوتابیەکان بۆ پێشبڕکێیەکە.  سەرەتا لە رووی نمرەوە هەندێک قوتابی دەست نیشان کران لەلایەن ماموستای بابەت، بەڵام بەهۆی ئەوەی نمرەکانیان لێک نزیک بوون بۆیە بڕیاری دا کەوا ئەو قوتابیە هەڵبژێرێ کە لە وەڵامدانەوەی پرسیارە لۆژیکیەکان زیرەک بێت و لە ئەنجامدا بیلالی هەڵبژارد .



لە قۆناغی یەکەمی پێشبڕکێیەکە بە هۆی دەوامی قوتابخانە خوێندنی زۆری پێ نەکرا بەڵام توانی بابەتی بیرکاری پۆلی ٩ و ١٠ بخوێنێ. ئەم چالاکییە ئەزمونێکی نوێ بوو بۆی چونکە  یەکەم جاری بوو بەشداری لەم جۆرە پێشبڕکێیانە بکات. قۆناغی یەکەم کەمێک قورس بوو بۆی لەبەر زۆری پرسیارەکان و کەمی کات بەڵام بە شێوەیەکی زۆر باش وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە، هەربۆیە لە ئەنجامدا لەم قۆناغە دەرچوو.

 لەدوای دەرچوونی ئەنجامەکانی قۆناغی یەکەم و بوونی بە یەکێک لە ١٠ یەکەمەکانی هەولێر دەستی بە خۆ ئامادەکردن کرد بۆ قۆناغی دووەم و ئەویش بە:

خوێندنی پەرتوکی بیرکاری  پۆلی ٩،٨،٧ وە خوێندنی پەرتوکی بیرکاری پۆلی ١٠ کە وەرزی دووەم بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا وە نەخوێنرابوو بەڵام بە سود وەرگرتن لە یوتیوب توانی بابەتە نەخوێنراوەکان بخوێنێت، وە زۆر شیکارکردنی پرسیارە بیرکاریەکان بەتایبەتی پرسیارە بیرکاریە لۆژیکیەکان. هەروەها وەرگرتنی زانیاری لە پێشبڕکێیە نێودەوڵەتیەکان.


لەدوای قۆناغی یەکەم ئەزمونێکی باشی بەدەست هێنابوو دەربارەی پرسیارەکان و بووە هاندەری دەرچوونی لە قۆناغی دووەم .

پاش هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر، تاقیکردنەوەی قۆناغی دووەمی ئەنجامدا و توانی سەرکەوتن بەدەستبێنێت                                                                                                           لە دوای دەرچوونی لە قۆناغی دووەم و بەدەست هێنانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی هەولێر باوەڕبەخۆبوون و متمانە بەخۆبوونی زۆر زیاتر بوو و بڕیاریدا کەوا  ماندووبوونێکی زیاتر ئەنجام بدات لەپێناو پەرەپێدانی تواناکانی و سەرکەوتنی لە قۆناغەکانی کۆتایی، بۆیە لەسەر هەمان پلانی خوێندن بەردەوامبوو بەڵام بە وردیەکی زیاتر و ماندووبوونێکی زۆرتر و کاتی زیاتر .

لەم ماوەیەی خوێندنیدا دەفتەرێکی تێبینی دروست کردبوو کە هەموو زانیاریە گرنگەکانی تێدا تۆمار کردبوو کە سوودێکی زۆری هەبوو بۆی .

ئەم ئامادەکاری و ماندووبوونەی بەتەنها بە مەبەستی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم نەبووە، بەڵکو بە مەبەستی پەرەپێدانی تواناکانی و فێربوونی شتی نوێ لە پێشبڕکێکەش بووە , چونکە باوەڕی وابووە کە ئەگەر مرۆڤ وانە لە ڕووداوەکانی ژیانیدا وەرنەگر‌ێت ئەوا ئەم رووداوانە هیچ سودێکیان بۆی نیە .

وە لە ژیانیدا ترسی لە هەڵەکردن نەبووە چونکە پێیوابووە  کە (هەڵەکردن هۆکاری پێشکەوتنە) .                                                                                                                                                    

 

 

قۆناغی پێش کۆتایی و کۆتایی:-

پاش خۆئامادەکردن وخوێندنێکی زۆر، لە ڕۆژی تاقیکردنەوەی کۆتایی متمانەی تەواوی بەخۆی هەبووە و ترس و سترێسی نەبووە، هەرچەندە کەمێک بۆی قورس بووە چونکە یەکەم جاری بووە کە لە بەرامبەر کامێرا تاقیکردنەوە ئەنجام بدات، بەڵام لەکاتی تاقیکردنەوەکەدا سەرنجی تەنها لەسەر وەڵامدانەوەی پرسیارەکان بووە وهەموو توانای خۆی بەکارهێناوە، هەربۆیە لە ئەنجامدا توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی هەرێم و نازناوی پاڵەوانی بیرکاری٢٠٢٠ بەدەست بێنێت، وە لە ساتی بەدەستهێنانی ئەم پلەیە بڕیاریدا کەوا تواناکانی بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی بەکاربێنێت.

 
ئەم پێشبڕکێیە کاریگەری زۆری لەسەر ژیانی هەبوو، وای لێکرد زۆر زیاتر لە جاران گرنگی بە بابەتی بیرکاری بدات و پەرە بە تواناکانی خۆی بدات تاوەکو بتوانێت لە داهاتوودا خزمەتێک بە کۆمەڵگا بگەیێنێت و بەشداری زیاتری پێشبڕکێیە بیرکاریەکان بکات بەتایبەتی پێشبڕکێیە  نێودەوڵەتیەکان.