پەروەردە و فێرکردن

رۆژى ئاڵاى کوردستان بەرز راگیرا

Tuesday, December 17, 2024 3:06 PM

دەزگای روانگە (روانگە کولتوور) لە قەزای کۆیە و لەسەر گڵکۆی دڵداری شاعیر ( شاعیرى ئەى رەقیب ) کەرنەڤاڵی رۆژی ئاڵای کوردستانی ئەنجامدا.

بەبۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستانەوە، دەزگای روانگە بە هەماهەنگی قایمقامیەتی قەزای کۆیە و لەقشڵەى دێرینى قەزاى کۆیە، کەرنەڤاڵی رۆژی ئاڵای کوردستانى ئەنجامدا.

بەئامادەبوونى بەرێوەبەرى گشتى دەزگاى روانگە و جێگرەکەى و قائیمقامى قەزاى کۆیە و بەرپرسانى باڵاى حکومى و حیزبى، و ئامادەبوونى لاوان و خەڵکى تەواوى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان و هەر چوار پارچەى کوردستان، کەرنەڤاڵەکە بە گوێگرتن و وەستان بۆ ماڕشی نەتەوەیی کورد (ئەی رەقیب) دەستی پێکرد، لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان ، چەپکە گوڵى رێز و وەفا لەسەر گڵکۆی (دڵدار) شاعیری مارشی نەتەوەیی دانرا.

دوابەدواى ئەوە ووتارى هەریەک لە بەڕێزان بەڕێوەبەری گشتی جێبەجێکاری دەزگای روانگە (حسن شێخ علاءالدین)  و قایمقامی قەزای کۆیە (حاکم تارق) پێشکەشکرا و جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی ئاڵا وەک شوناسى نەتەوەیی کورد و بەرزڕاگرتنی ئەم ئاڵایە و ئەم رۆژە و ئەمەش هانى لاوان و نەوەی داهاتوو دەدات لەسەر پاراستنی شوناس و ناسنامە و کولتووری کوردى ونەتەوەییمان.

لەچوارچێوەى کەرنەڤاڵەکە، چەند سروودێکى نیشتیمانی و نەتەوەیی کوردى لەلایەن تیپی هونەری باواجی کۆیە و هونەرمەند لالۆ رەنجدەر و نمایشێکى دەفى تایبەت لەلایەن گروپی میوزیکی روانگەوە پێشکەشکرا.

ئاڵای کوردستان گرنگییەکی قوڵی بۆ گەلی کورد هەیە، چونکە نوێنەرایەتی مێژوو و کولتوور و ناسنامە و ئاواتەکانیان دەکات، گرنگی ئەم کەرنەڤاڵەش لەوەدا بوو کە لە هەموو پارچەکانى کوردستان و لەهەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە سەرجەم چین و توێژەکان بەشداریان تێدا کردبوو.