کەسانی لێقەوماو

دابینکردنی جلوبەرگ بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت لە هەرێمی کوردستان

Tuesday, May 4, 2021 6:27 PM

دەزگای روانگە لە رێکەوتی ٤ و ٥ ی ئایاری ٢٠٢١ بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە چالاکییەکی بۆ کڕینی جل و بەرگی جەژن و پێداویستی لەژێر ناونیشانی 'شادی منداڵان' بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک ئەنجامدا. هەروەها لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکە، ئێوارە خوانێک بۆ خانەی بێ سەرپەرشتانی هەولێر لە لایەن بەرگەر کینگ بۆ منداڵەکان دابین کرا.

ئامانجی پڕۆژەکە دروستکردنی کەشێکی ئارام و ئاسوودە بوو بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت تاکو هەست بکەن لەماڵەوەن و یارمەتیان بدەن بۆ تێکەڵ بوون بە بەکۆمەڵگە.

کۆی گشتی ئەو کەسانەی سوودمەندبوون ١٣٥ منداڵ و هەرزەکار بوون کە لە خانەی بێسەرپەرشتان دەژین و تەمەنیان لە نێوان ٦ مانگ تا ١٨ ساڵ و بە سەرەوەیە. ژمارەی ئەو منداڵانەی سوودمەندبوون لە چالاکییەکە لە هەولێر ٦١ منداڵ بوون (٢٢ کچ و ٣٩ کوڕ)، ٥١ منداڵ لە سلێمانی (١٦ کچ و ٣٩ کوڕ) و ٢٣ منداڵی دیکە لە خانەی بێ سەرپەرشتانی دهۆک (١٧ کچ و ٦ کوڕ).

 

منداڵەکان لە رۆژی سێ شەممە و چوارشەممە (٤ و ٥ ی ئایاری ٢٠٢١) بە مەبەستی بازاڕکردن برانە مۆڵەکان بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان جلوبەرگەکانیان هەڵبژێرن، هەروەها ببێتە دەرفەتێك بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ یەکتر. تێکڕای ژمارەی پارچە کڕراوەکان بۆ هەر منداڵێك ٦ پارچە بوون .

 

«ئەم جۆرە چالاکییانە زۆر گرنگن بۆ ئەم منداڵانە، لە کاتی مانەوەیان لەناو خانەی بێ سەرپەرشتان بۆ ماوەیەکی درێژ ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی دروست دەبێت. بردنی منداڵەکان بۆ کڕینی جلوبەرگ بۆ خۆیان یان بردنیان بۆ شوێنە گشتییەکان و تێکەڵبوونیان لەگەڵ کۆمەڵگە بۆ تەندروستی دەروونیان باشە. ئەم جۆرە چالاکییانە یارمەتیان دەدات کە لە داهاتوودا پشت بە خۆیان ببەستن و متمانە بە خۆ بوونیان بەرز دەکاتەوە".

 

ئێوارەی ٥ ی ئایاری ٢٠٢١، بەرگەر کینگ ئێوارە خوانێکی بۆ خانەی بێ سەرپەرشتانی هەولێر دابین کرد بۆ دڵخۆشکردنی منداڵەکان . منداڵەکان لە کاتژمێر ٦ ی ئێوارەوە تا ٨ی ئێوارە لەگەڵ ئەندامانی ستافی دەزگای وانگە و بەرگەر کینگ ئێوارەیەکی دۆستانە و ئاسوودەیان بەسەر برد .