پەروەردە و فێرکردن

راهێنانی هەنگەوانی لە هەڵەبجە

Wednesday, March 10, 2021 3:49 AM

لە رێکەوتی ٩ی ئازاری ٢٠٢١- دەزگای روانگە راهێنانێکی 4 رۆژی سەبارەت بە هەنگەوانی بۆ ١٨ گەنجی نێر و مێ لە پارێزگای هەڵەبجە ئەنجام دا. راهێنانەکە بابەتەکانی جیهانی هەنگ، جۆرەکانی هەنگ، شێوازی ژیانی هەنگ، چاودێری کردنی هەنگەڵان، پورەی هەنگ، سوڕی ژیانی هەنگی لە خۆ دەگرت.

راهێنانەکە بۆ ماوەی 4 ڕۆژ ( 5 کاتژمێر لە رۆژێکدا ) بەردەوام بوو بە بەشداری کردنی 18 لاو (١٠ کوڕ و ٨ کچ) سەبارەت بە هەنگەوانی و کشتوکاڵکردنی زانستی هاوچەرخ .

 

دانا عەزیزی - راهێنەری راهێنانەکە گوتی : " زۆر بە داخەوە لە کوردستان بە زۆری هەنگەوانان شێوازی نەریتیانە بەکاردەهێنن بێ گوێ دانە نەخۆشی و گرفتەکانی لە ئەنجامی ئەم رێگەیانە  رووبەرووی هەنگ و بەرهەمەکانی دەبنەوە. هەنگەوانەکان پێویستیان بە هۆشیاری زیاترە دەربارەی چارەسەرکردن،  خۆراك ، جوڵەی هەنگ و هەندێك تەکنیکی گرنگ بۆ ئەوەی چاوەڕوانی بەرهەمی باش بن . هەروەها رێکخستنی ئەم جۆرە راهێنانە یارمەتی هەندێک لە شارەزایانی بواری هەنگ دەدات بۆ ئەوەی بەناوبانگ بن لە ئەنجامدا هەنگەوانی پێش دەکەویت و بەرهەمی نێوخۆیی زیاد دەکات".

رۆژێن خەسرەو (تەمەن 28 ساڵ) یەکێک لە بەشداربووانی راهێنانەکە و پلانی دانانی پرۆژەیەکی هەنگەوانی هەیە، گوتی: "ئەم راهێنانە بۆ من چانسێکی بێ وێنەیە ، پێشتر هەستم بە دڵەڕاوکێ دەکرد چونکە ٣٠ هەنگم کڕیوە بەڵام زانیاری زۆرم لە بارەیەوە نەبوو. خۆشبەختانە ئەم چانسەم بۆ رەخسا کە لەم چوار رۆژەی راهێنانەدا بەشداربم . زۆر زانیاریم دەربارەی سوڕی ژیانی هەنگ و چارەسەرکردنی نەخۆشی و دەرهێنانی هەنگوین و ئامادەکردنی هەنگوین فێربووم".

 

راهێنانەکە بە مەبەستی هاندانی لاوان بۆ کارکردن لەسەر بەخوێکردنی هەنگ وبشت بەستن بە هەنگەوانی وەك سەرچاوەی داهات و گۆڕینی شێوازەکانی هەنگەوانی بۆ شێوازە زانستییە نوێیەکان و زیادکردنی بەرهەمی هەنگوینی خۆماڵی ئەنجامدرا . هەنگەوانی یەکێکە لە رێگە گرنگەکانی بەهێزکردنی بژێوی ژیان بەتایبەتی بۆ لاوان کە دەتوانن بە  سەرمایەیەکی کەم دەست بە کاری خۆیان بکەن بە تایبەتی لەپارێزگای هەڵەبجە کە چەندین گوندو ناوچەی لەباری تێدایە بۆ هەنگەوانی.