پەروەردە و فێرکردن

دەزگای روانگە پڕۆژەی کتێبی روانگە رادەگەیەنێت

Friday, January 29, 2021 11:06 PM

رێکەوتی ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دەزگاى روانگە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە پارێزگای هەولێر پرۆژەی کتێبی روانگەی راگەیاند بۆ هاندانى نووسەران بۆ بەشداریكردن لە رێگەى نووسین. پڕۆژەكە كێبڕکێیەک سازدەكات لە نێوان نوسەران، کە لە کۆتایی پڕۆژەکەدا باشترین چوار کتێب هەڵدەبژێردرێن و لەسەر ئەرکی دەزگای روانگە چاپدەکرێن.

 

پڕۆژەکە ساڵانە لە لایەن دەزگای روانگەوە ئەنجام دەدرێت. ئەمساڵ بۆ ساڵی سێیەم، دەزگای روانگە لە ڕێگەی پڕۆژەکە تیشک دەخاتە سەر کتێب و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە پرۆسەی خوێندن. ئامانجی پڕۆژەکە بۆ ئەمساڵ هاندانى نووسەرانە بۆ نووسینى کتێب و لێکۆڵێنەوە لەسەر کێشە دیارەکانی پڕۆسەی خوێندن لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها خستنەڕووی رێگە چارەسەرەکان بۆ رووبەرووبەوەی ئەم کێشانە. جیاواز لە ساڵەکانی دیکەی پڕۆژەکە، ئەمساڵ پڕۆژەکە بە تەنها لەسەر ئاستی کوردستان نییە بەڵکو تەواوی عێراق دەگرێتەوە.

 

لە کۆتایی پڕۆژەکە، ٤ باشترین کتێب لە لایەن لێژنەیەکی پسپۆڕەوە هەڵدەبژێردرێن و لەسەر ئەرکی دەزگای روانگە دیزاین و چاپ دەکرێن. کۆی گشتی ژمارەی چاپەکان ٤٠٠٠ چاپ دەبێت، هەر کتێبێك١٠٠٠ دانەی لێ چاپدەکرێت بەشێوازی رەنگاورەنگ و بڵاودەکرێتەوە.

 

بابەتەکانی پڕۆژەی کتێب: 

پێویستە کتێب و لێکۆڵینەوەکان پەیوەست بن بە پرۆسەی پەروەردەیی (کێشە و چارەسەرەکان)،

 بۆ نمونە:

  • پەرەسەندنی پەیوەندی مامۆستا و قوتابی و خێزان.
  • پەرەسەندنی پەیوەندی قوتابخانە و کۆمەڵگە.
  • خوێندنی ئەلیکترۆنی لە نیوان کێشە و چارەسەرەکان و داهاتوودا.
  • ژینگەی پەروەردەیی و کاریگەری لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فیرکردندا.
  • شێوازەکانی وانە گوتنەوەی سەردەمی وپەیوەندی لەگەڵ دەرفەتی کار لە ئایندەدا.

مەرجەکانی بەشداریکردن 

·       پێویستە کتێبەکە پێشتر بڵاو نەكرابێتەوە.

·       پێویستە نووسەر دانیشتووى هەرێمی کوردستان وعیراق بێت.

·       پێویستە کتێبەکە لە نێوان١٥ هەزار بۆ ٢٠ هەزار وشە بێت.

·       پێویستە کتێبەکە بە فۆنتی یونیکورد نووسرابێت، قەبارەی ١٤.

·       پێویستە ئاماژە بە سەرچاوەی وەرگیراو بکرێت لە رێگەی پەراوێز و لیستی سەرچاوەکان.

·       بەکارهێنانی راپرسی و لێکۆڵینەوە.

·       کتێبەکە دەبێت لە شێوازی نووسینی ئەکادیمی بێت و ئەمانە لە خۆ بگریت (ناونیشان، کورتە، پێرست، پێشەکی، ناوەرۆک، ئەنجام و پێشنیاز).

·       پێویستە بابەتی کتێبەکە پەیوەستبێت بە پرۆسەی پەروەردەیی.

 

 

·       چۆنییەتی پێشکەشکردن 

·       کتێبەکە (بە فایلی وۆرد) بنێرە بۆ ناونیشانی ئەلیکترۆنی book@rwanga.org

·       وێنەی هەردوو دیوی ناسنامەی کەسیت هاوپێچ بکە

·       دوا رێکەوتی پێشکەشکردن ٢٠٢١/٥/٢٨