سروشت جبار محمود - پرۆژەی وی کۆد

سروشت جەبار ، لاوێکی بەتوانای دانیشتووی شاری سلێمانییە، ساڵی 2021 لە کۆلێژی ئینفۆڕماتیک، بەشی تۆڕەکانی کۆمپیوتەر بڕونامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە و یەکێک بوو لە بەشداربووانی پڕۆژەی وی کۆد، ڕاهێنانی UX/UI دیزاین. پاش ئەوەی بە سەرکەوتووانە ڕاهێنانی وی کۆدی تەواوکرد، بەشێوەی ئازاد (فریلانس) کاری دیزاینی بۆ ژمارەیەک کۆمپانیا و لایەنی تەکنەلۆژی ئەنجامداوە و ئێستاش بەردەوامە.

 

سروشت لەڕێگەی گرووپی تایبەت بە فێرخوازانی زانکۆکەیەوە ئاشنای پرۆژەی وی کۆد بوو و پاش ئەوەی بە چەند قۆناغێکی چری هەڵبژاردنی تایبەت بە پڕۆژەی وی کۆد سەرکەوتووانە تێپەڕی، بووی  بە یەکێک لە دەرچووانی یەکەم بووتکامپی وی کۆد.

 

سەبارەت بە گرنگیی ڕاهێنانی ویکۆد، سروشت وتی " لەدوای تەواوکردنی ڕاهێنانی ویکۆد چەندین دەرگای جیاوازی کارکردنم بۆ کرایەوە و دیزاینەکانم بەشێوازێکی رێکخراو لە تۆڕی پرۆفیشناڵی لینکد ئین بڵاودەکردەوە. لەم ڕێگەیەوە ژمارەیەک کاری دیزاینم بەدەستهێنا".

 

سروشت بە تامەزرۆییەوە ئاماژەی کرد بەوەی، کە خواستی بۆ فێربوون و تاقیکردنەوەی رێگای نوێ هاندەری سەرەکیی بوون بۆ بەشداریکردن و بەردەوامبوون لە ڕاهێنانی وی کۆد.

"بەر لەوەی کە فۆڕمی بەشداریکردن لە بووتکامپی وی کۆد پڕبکەمەوە، تەنانەت نەم دەزانی کە UX/UI چییە. کەمێک ئەزموونی سەرەتاییم لە دیزایندا هەبوو، بەڵام لەم بوارەدا، تەنانەت ناوی بابەتەکەش بۆ من نوێ بوو. ئەوەی کە بووە هۆکاری بەردەوامیم حەز و خولیام بوو بۆ فێربوون و ڕۆژانە شتی نوێ فێردەبووین".

 

سروشت لەبارەی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ هاورێ بەشداربووەکانی پڕۆژەی وی کۆد ئاماژەیکرد بەوەی کە پەیوەندییەکی بەهێزی دروستکردووە و سەرەڕای تێپەڕینی چەند مانگێک بەسەر کۆتاییهاتنی ڕاهێنانەکەدا، هێشتا لە پەیوەندی دانەبڕاون.

 

سەبارەت بەو پرسیارەی کە چ شتێک لە پڕۆژەی وی کۆد-دا  بوویە جێی سەرنج بۆیە، سروشت وتی: "بە بڕوای من، یەکێک لە چێژ بەخشترین لایەنەکانی وی کۆد ئەوە بوو کە بەشداربووان لە سەرتاسەری کوردستانەوە هەڵبژێردرابوون. پەیوەندییەکی زۆر بەهێز لەنێوانماندا دروستبوو. بۆ من یەکەمجار بوو کە بەمشێوازە پێکەوە لەگەڵ بەشداربووانی شارەکانی دیکە لە پرۆگرامێکدا بەشداربم".