ئالان - پڕۆژەى کتێبى روانگە
ئالان محی الدین تەمەن 24 ساڵ یەکێک بوو لە براوەکانی پڕۆژەی کتێبی روانگە بۆ ساڵی 2020 ، کە بە نوسینی کتێبێکی بواری گەشەپێدانی مرۆیی بەشداریکردبوو.
نزیکەی پێنج ساڵ دەبێت کە سەرقاڵی نوسین و بڵاوکردنەوەی پەیامەکانیەتی لە رێگەی سۆشیاڵ میدیا و گۆڤار و کتێب، خاوەنی زیاتر لە هەشت کتێبە، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی کە توانای چاپکردنی نەبوو، بۆیە زۆربەی نووسینەکانی بە شێوەی وتار و کتێبی ئەلکترۆنی بڵاودەکردەوە.
بەردەوام حەزی بە تاقیکردنەوەی ڕێگای نوێ و تاقیکردنەوەی تواناکانیەتی لە پێشبڕکێکاندا بۆیە کاتێ پڕۆژەی کتێبی روانگە راگەیەندرا، بڕیاریدا بە کۆتا کتێبی بەشداری بکات، بوو بە یەکێ لە براوەکان و کتێبەکەی لەسەر ئەرکی دەزگای روانگە بە تیراژی ٢٠٠ دانە چاپکرا، ئەو دەڵێت "بەوە ناوترێ ئازایەتی و ئەرێنی بوون کە لە ژینگەیەکی لە بار داهێنان بکەیت، بەڵکو هونەر ئەوەیە لە ناو دڕکا گوڵبژێر بکەیت، ژینگەکە چەنێ نەگونجاو بێت، تۆ بتوانیت ئەرێنی بیت و بەردەوام بیت تا دەگەیتە ئامانج".
هەڵبژاردنی کتێبەکەی و دەسنیشانکردنی وەک براوەی پرۆژەکە هانی دا تا زیاتر برەو بە توانا و لێهاتوویەکانی بدات.
ئالان ئاماژەی پێدا " بەشداریکردن و بەدەستهێنانی پلەیەکی باش لەم جۆرە پڕۆژانە گرنگی خۆی هەیە، جگە لەوەی لە لایەنی مەعنەوییەوە ئەبێتە هۆی هاندانی گەنجان بۆ نوسین و پەرەدان بە تواناکانیان، هاوکات هاوکارییەکی باشی گەنجیشە کە بە چاپکردنی و دیزاینی کتێبەکان بەرهەمەکە بەرز دەنرخێنن".