ژینگە
دەزگای روانگە رۆژی زەوی بەرزڕادەگرێت
بەرواری ٢٢ ی نیسانی ٢٠١٨ (رۆژی زەوی) دەزگای روانگە چەند چالاکییەکی هۆشیاریی ژینگەیی ئەنجامدا لە شاری دهۆک بۆ زیاتر لە ٤٠ منداڵ تاوەکو زیاتر ئاشنایان بکات بە هۆشیاریی ژینگەیی و زیاتر بنیادنانی هەستی ژینگە دۆستی.
چالاکییەکان لە پارکی زاویتە ئەنجامدران و ئامانجیان بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژینگەیی بوو لە پێناو پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگە و فێرکردنی منداڵان لەبارەی زەوی و گرنگی هەسارەیەکی پاک. هەروەها چالاکییەکان لە چەند جۆرێک پێکهاتبوون بەشێوازی چالاکی پەروەردەیی منداڵان بە بابەتەکان ئاشناکران. منداڵە بەشداربووەکان زۆر بەباشی بەشداربوون لە چالاکییەکان بەتایبەتی بابەتەکانی چ شتێک زیان بە هەسارەی زەوی دەگەیەنێت و چ شتانێک سوود بە هەسارەی زەوی دەگەیەنێت، وگرنگی زەوی بۆ مانەوەی مرۆڤ.
ساڵرۆژی رۆژی جیهانی زەوی هاوکاتبوو لەگەڵ هەڵمەتی #منیشپاکمکردەوە، کەهەڵمەتێکی ١٥ رۆژەی دەزگای روانگەیە و لە رۆژی ژینگەی کوردستاندا ( بەرواری ١٦ی نیسانی ٢٠١٨) دەستپێکرد بەئامانجی پاراستن و پاککردنەوەی ژینگەی کوردستان.
رۆژی زەوی لە ساڵی ١٩٧٠ دانراوە و ساڵانە ئەمرۆژە لەسەرانسەری جیهاندا بەرزرادەگیرێت و هاووڵاتیان هاندەدرێن تاوەکو بەشداربن لە پاراستنی هەسارەی زەوی.