لاوان
هایتێکس ٢٠٢٤: نمایشێکی جیهانی داهێنانە تەکنەلۆژییەکان و بەهێزکردنی لاوان لە هەولێر
هەولێر، کوردستان (٦ی ئەیلول ٢٠٢٤) – بە ئامادەبوونى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان ، رێزدار مەسرور بارزانى ، گەورەترین پێشانگای ساڵانەی تەکنەلۆژیا لە عێراق، لە نێو پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بەرێوەچوو. ئەم پێشانگایە وەك دەروازەیەك خزمەت بە کۆمەڵگا و لاوان دەکات لە رێگەی پیشاندانی نوێترین بەرهەم و خزمەتگوزاری و داهێنانە تەکنەلۆژییە پێشکەوتووەکانیان لە سەرانسەری جیهانەوە.
پێشانگای هایتێکس لەرۆژانى (٣ بۆ ٦)ى ئەیلول ، بە بەشداریکردنی سەدان کۆمپانیای تەکنەلۆژیای نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لە هەولێر بەرێوەچوو ، کە هەریەک لەبەشداربوانى نێو پێشانگاکە نوێترین و پێشکەوتوترین بەرهەمەکانی خۆیان نیشانى سەردانیکەران دا. پێشانگاکە پلاتفۆرمێکی بێهاوتاى دابین کرد بۆ کۆمپانیاکان بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکان و ڕێککەوتنامەی بازرگانی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی .لە ماوەی پێشانگاکە، خاوەن کۆمپانیا لەگەڵ کڕیارە شیاوەکان کۆبوونەوە و پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان بەڕێوەبەران و کڕیارەکان بەهێزتربوو.
دەزگای روانگە، وەك یەکێک لە پێکهێنەرەکانى پێشانگای هایتێکس بۆ ماوەی چوار ساڵ لەسەر یەك، جەخت لەسەر ڕۆڵی گرنگی تەکنەلۆژیا لە نەخشاندنی داهاتووی کۆمەڵگاکان دەکاتەوە. ئەمەش لە هەوڵە فراوانەکانی دەزگایەکە لە بە ئەنجام گەیاندنی پڕۆژەکانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکانی پەروەردە و لاوان و ژینگە و کەسانی لێقەوماو، بە تێکەڵکردنی تەکنەلۆژیا لەگەڵ دەستپێشخەرییەکانی رەنگ دەداتەوە، دەزگای روانگە ئامانجی دروستکردنی گۆڕانکاری و دەرفەتی بێ سنوورە لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا.
جگە لە هەبوونی شوێنێکی تایبەت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لاوان و وەڵام دانەوەی پرسیارەکانیان، دەزگای روانگە چەندین چالاکی سەرنجڕاکێشی بۆ لاوان ئامادەکردووە. لەوانە لەسێ رۆژى پێشانگادا، سێ لەباشترین کەسایەتیە تەکنەلۆجییەکانى سۆشیاڵمیدیاى میوانکردبوو هەریەک لەبەرێزان ( محمد کاکەرەش، کێوان حسێن و سەعد سالم) میوان بوون، کە چەند بابەتێکى نوێى تەکنەلۆژیان بۆ بەشداربووانى پێشانگاکە باسکرد. هەروەها لەچوارچێوەی رۆژانى پێشانگادا تیمێکى تایبەت بە نووسین و رێکخستنەوەى سیڤى خزمەتی لاوان و ئەو کەسانەیان دەکرد کە سیڤى گونجاویان نەبوو یان پێویستى بەرێنمایی و چاککردن و رێکخستنەوە بوو ، یەکێکی دیکە لە چالاکییە گرنگەکان بانگهێشتکردنی 30 خاوەن کاری بچووک وهەڵبژاردن و پشتگیری کردنی 8 خاوەن کاری تازە پێگەیشتووەبوو لە ڕێگەی دەزگاى روانگەوە. ئەم خاوەن کارانە پێشتر لە رێگەی پلاتفۆرمەکانى دەزگاى روانگەوە خۆیان تۆمارکردبوو ، دەستپێشخەرییە براوەکان لە چوارەم ڕۆژی پێشانگاکەدا راگەیەندران و کۆمەکی داراییان پێبەخشرا بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکەیان، شایەنی باسە کە ئەم کۆمەکە لە لایەن رێکخراویIdeas Beyond Borders دابین کرا.
هەروەها پۆدکاستی عەسرەچاى روانگە لەگەڵ خواردنەوەى عەسرەچایەک لە پێشانگای هایتێکسی ئەمساڵ پێشانگاکەى جیاوازترکرد. پۆدکاستەکە لاوانی ناسراو و داهێنەری هەرێمی کوردستانى لەخۆگرت هەریەک لە ( داوەر لهۆنى و بیار حوسێن و بروا جەزا )، لە سێ رۆژى پێشانگادا بەشداریەکى کارایان لەگەڵ میوانانى پێشانگاکرد. ئەم قسەکەرە ئیلهام بەخشانە باسیان لە گرنگی تەکنەلۆژیا لە ژیانی لاوانی ئەمڕۆدا کرد و چۆن دەتوانرێت تەکنەلۆژیا بەکاربهێنرێت بۆ باشترکردنی ژیانی ڕۆژانەیان، خوێندن و هەوڵە پیشەییەکانیان.
جگە لە پیشاندانی داهێنانە سەرسوڕهێنەرەکان، هایتێکس چەندین پانێڵ پێشکەش کرا، بە مەبەستی گەیاندنی زانیاری نوێ و ئاشکراکردنی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان لە عێراق و جیهاندا.
پێشانگاکە بە ئامادەبوونى زیاتر لە ١٢١ کۆمپانیا لە وڵاتانی جیاوازەوە بەرهەم و خزمەتگوزاری و چالاکییە تەکنەلۆژییەکانیان نیشان دا، لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی نێوان شارەزایانی تەکنەلۆژیای زانیاری و خاوەن کاران لە سەرانسەری جیهاندا بەهێزکرا. بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک تەکنەلۆژیای ئایندە، پەیوەندییەکان، زیرەکی دەستکرد، کۆمپانیا بەشداربووەکان تێڕوانینێکی گشتگیر بۆ دوایین پێشکەوتنە بازرگانییە تەکنەلۆژییەکان پێشکەش کرد.