ژینگە
دەزگای روانگە هەڵمەتێکى پاکڕاگرتنی لە رۆژى جیهانى ژینگە ئەنجامدا
هەولێر (5ی حوزەیرانی 2024)- لە ڕۆژی جیهانی ژینگەدا، دەزگای روانگە لەژێر دروشمى ( ئەم زبڵە هى من نیە، ئەم نیشتیمانە هى منە ) هەڵمەتێکی بۆ پاککردنەوەی پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر ڕێکخست، تیایدا تیشک خرایە سەر پرسی پیسبوونی ژینگە بە پاشماوەی پلاستیکى و ماددە پیسکەرەکان. ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی گشتی و هاندانی هاوڵاتیان بوو بۆ پاکراگرتنى ژینگە.
بە هاوکاری کۆمەڵێک خۆبەخشی دڵسۆز، دەزگای روانگە هەڵمەتێکی پاککردنەوەی یەک ڕۆژەی لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان ئەنجامدا. هەڵمەتەکە نەک هەر تیشکی خستە سەر گرنگی پاراستنی ژینگە بەڵکو بەشداری کردنى کاریگەرى خۆبەخشان لە پاککردنەوەی پارکەکە و رۆشنبیرى کۆمەڵگاى بەدواى خۆیدا هێنا.
گۆڤار کامل، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە دەزگاى روانگە ڕایگەیاند، “ باوەڕمان وایە کە باشتربوونی بارودۆخی ژینگەیی کوالیتی ژیان بۆ هاوڵاتیان بەرز دەکاتەوە و شانازی نیشتمانی دەچێنێت. ئەمڕۆ کەلوپەلی پێویستمان بۆ خۆبەخشەکان دابین کردووە بۆ ئەوەی بتوانن چالاکانە بەشداری کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک بکەن لە پارکەکەدا”.
ئەم هەڵمەتە کە لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا ٤ی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام بوو، بڕێکی بەرچاو پاشماوەی پلاستیکی سەردانکەرانى پارکەکە کۆکرایەوە، کە کۆی گشتی زیاتر لە ٦٣ هەزار و ٣٠٠ پارچە زبڵ بوو.
ڕۆژی جیهانی ژینگە کە ساڵانە لە ٥ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت، دەستپێشخەرییەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ بەرەوپێشبردنی پاراستنی ژینگە و هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە پرسەکانی ژینگە.