ژینگە

بەهێزکردنی خۆڕاگری و سەقامگیری ئابووری ناوچە گوندنشینەکان لە رێگەی راهێنانی کشتوکاڵیەوە

Thursday, April 13, 2023 5:33 PM

هەرێمی کوردستان  (ئازاری 2023) – چەند راهێنانێکی تەکنیکی کشتوکاڵی لە لایەن دەزگای روانگە بە کۆمەکی دارایی رێکخراوی (GIZ)ی ئەڵمانی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەنجام درا، راهێنانەکان بە شێوەیەك دیزاین کراوبوون بۆ دابین کردنی زانیاری و شارەزایی کشتوکاڵی هاوچەرخ بە مەبەستی باشترکردنی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی 80 جوتیاری سەرەتایی لە رێگەی پرۆگرامی راهێنانی باخداری و شیرەمەنی و بەخێوکردنی پەلەوەر.

 

وەك بەشێك لە هەوڵە بەردەوامەکانی دەزگای روانگە بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگەکان لەڕێگەی دەستپێشخەرییە جۆراوجۆرەکانەوە، ئەمجارەیان دەستپێشخەرییەکی بەرچاوی ئەنجامدا بە دابینکردنی راهێنانی تەکنیکی کشتوکاڵی لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بۆ ماوەی 45 رۆژ. ئەم بەرنامەیە ئامانجی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و بەخێوکردنی ئاژەڵە، بەهێزکردنی خۆڕاگری و سەقامگیری ئابووری ناوچە گوندنشینەکان لەڕێگەی تواناسازیی تاکە بەشداربووەکان، بە تیشك خستە سەر بەشدارپێکردنی مێینە. راهێنانەکان کۆمەڵێك بابەتی کشتوکاڵی بە هەردوو رێگەی تیۆری و پراکتیکی لەخۆ دەگرت.

 

کشتوکاڵ بە بڕبڕەی پشتی ئابووری زۆربەی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو دادەندرێت، کەرتی کشتووکاڵ لە عێراق رووبەڕووی چەندین ئالەنگاری دەبێتەوە، وەك لاوازی کارامەییە تەکنیکییەکان، سنوورداربوونی کۆمەکی دارایی و نەبوونی تەکنەلۆجیای کشتوکاڵی هاوچەرخ. ئەم ئالەنگارییانە بووەتە هۆی کەمی رێژەی بەرهەم هێنان و داهات لە نێو جوتیاراندا.

 

سەرەڕای ئەوەش، بەرنامەکە هەستێکی کۆمەڵایەتی لە نێوان جورتیارانی بەشداربوودا دروستکردووە، کە توانیان لە رێگەی راهێنانەکەوە ئەزموون و شارەزایی خۆیان لەگەڵ یەکتر هاوبەشی پێبکەن. لە ماوەیەکی درێژخایەندا، ئەم جۆرە پرۆژانە کار لەسەر زیادکردنی داهاتی بەشداربووەکان دەکەن کە لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بەرهەمهێنان و باشترکردنی دۆخی بازاڕی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.