ژینگە

سەردانی تیمی دەزگای روانگە بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو

Sunday, February 12, 2023 1:02 PM

تیمێکی دەزگای روانگە بە سەرپەرشتی بەڕیوەبەری جێبەجێ کاری دەزگا سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویان کرد. دیدارەکە بە ئامادە بوونی بەڕێز ( بێگەرد تاڵەبانی) وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بەڕێوبەرە گشتیەکان بەڕێوەچوو. تەوەری سەرەکی دیدارەکە بریتی بوو لە چۆنیەتی پتەو کردنی هەماهەنگی و پەیوەندیەکانی هەردوولا، هەروەها تاوتوێ کردنی کێشە و ئاڵنگاریەکانی بەردەم کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و گۆرانی کەش و هەوا لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە. وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەڕێز ( بێگەرد تاڵەبانی) زۆر سوپاسی دەزگای روانگەی کرد بۆ بەشداریکردن و جێبەجێ کردنی پرۆژەی ژینگەیی و ڕاهێنانی جوتیاران و ئامادەکردنیان بە شیوازێکی سەردەمیانە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومیە نێودەوڵەتیەکان.


لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە چۆنیەتی بە بازاڕ کردن و ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆمالییەکان کرا و هەروەها ناردنە دەرەوەی بەرهەمەکانیان بۆ بازارە جیهانیەکان. لە هەمان کاتدا پەروەردە کردن و گەشەپێدانی کێلگەی جوتیاران بە ستانداردی جیهانی.

لەکۆتاییدا جەختکرایەوە سەر بەردەوامی و هەنگاونان بۆ ئامادەکردنی نامەیەکی لێک تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان هەردوولا لە پێناو بەرەوپێشبردنی زیاتری پڕۆژەکانی سێکتەری کشتوکاڵی و ژینگەیی و زیاد کردنی رووبەری سەوزایی هەروەها پتەوکردن و بەهێزکردنی بنەماکانی بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان.


دەزگای روانگە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا گرنگیەکی زۆری بە سێکتەری ژینگە و زیاد کردنی رووبەری سەوزای لە هەرێم ی کوردستان و عێراق داوە بە مەبەستی رووبەرو بوونەوەی گۆرانکاری کەش و هەوا.