لاوان

پڕۆژەی دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش ٢٠٢٣ راگەیاندرا

Sunday, February 5, 2023 6:33 PM

لە رێکەوتی ٥ی شوباتی ٢٠٢٣، دەزگای روانگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا  پڕۆژەی 'دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش'ی بۆ شەشەم ساڵ راگەیاند، گروپە خۆبەخشییەکان دەتوانن ئێستا پێشنیاری پڕۆژەکانیان پێشکەش بکەن.

 

کاری خۆبەخشیی بەگشتی بە یەکێک لە چالاکییە خۆنەویستییەکان دادەندرێت کە تێیدا گروپێک بەبێ بەرژەوەندیی کەسی و ماددیی خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک و کۆمەڵگە دەکات.
 لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی کات خۆبەخشان پێویستیان بە پشتگیری کردن هەیە بەتایبەت لە رووی داراییەوە(بەبێ مووچە)، بۆ دابینکردنی خەرجی پێداویستی و کەلوپەل و ئامێر تاکو پڕۆژەکانیان پێ ئەنجام بدەن.
 هەر لەبەر ئەوە، دەزگای روانگە پڕۆژەی 'دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش' رادەگەیەنێت، کە هانی لاوان دەدات بۆ پێشکەشکردنی پێشنیاری پڕۆژە و بەشداریکردن لە پێشبڕکێیەک کە تێیدا پشتگیری دارایی دەکرێن بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکانیان، بەمەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بە کۆمەڵگە.

 

کات  و ڕێکەوتەکان

  • پێشکەشکردنی دەستپێشخەرییەکان لە ٠٥/٠٢/٢٠٢٣ تاکو ٠٢/٠٥/٢٠٢٣ (ماوەی ٨٦ ڕۆژ)
  • پرۆسەی هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردن لە ٠٣/٠٥/٢٠٢٣ تاکو ٢٥/٠٥/٢٠٢٣ (ماوەی ٢٢ رۆژ)
  • ئامادەکاری بۆ دەستپێکردن بە جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکان لە ٢٦/٠٥/٢٠٢٣ تاکو ١٥/٠٦/٢٠٢٣ (ماوەی ٢٠ رۆژ)
  • جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکان لەلایەن گروپە خۆبەخشییەکانەوە لە ١٦/٠٦/٢٠٢٣ تاکو ٢٠/١٠/٢٠٢٣ (ماوەی ١٢٦ ڕۆژ)
  • رێوڕەسمی کۆتایی نمایشکردنی پڕۆژەکان و دەستکەوتەکانیان لە سەرەتای مانگی ١٢ی ٢٠٢٢ ئەنجام دەدرێت.

 

مەرج و تێبینییە گشتییەکان

  • پڕۆژەکە پێویستە لە چوارچێوەی سێکتەری ژینگە بێت و بە تایبەتی گۆڕانی کەش و هەوا  (Climate Change).
  • پڕۆژەکە پێویستە لەسەر بنەمای کاری خۆبەخشی بێت و بەلایەنی کەمەوە سوود بە ٢٠٠ (دوو سەد)کەس لەناو کۆمەڵگە بگەیەنێت.
  • لاوان لە گشت پارێزگاکانی عێراق دەتوانن دەستپێشخەرییەکانیان پێشکەش بکەن لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمی پێشنیاری پڕۆژە.
  • هەر گروپێکی خۆبەشی دەبێت بەلایەنی کەمەوە لە پێنج ئەندام پێکهاتبێت (تەمەنیان لەنێوان ١٨-٣٥ ساڵ بێت).
  • گروپە خۆبەشییەکان نابێت نوێنەرایەتی هیچ رێکخراوێکی ناحکومی یان هەر دامەزراوەک بکەن، بەڵکو دەبێت گروپەکە لە ئەندامانی کۆمەڵگە پێکهاتبێت.
  • پڕۆژە پێشنیارکراوەکە نابێت لە هیچ رێکخراوێکی ناحکومی یان هەر دامەزراوەک  پشتگیری دارایی کرابێت.
  • ئەو گروپانەی کە لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ پێکهاتوون زیاتر پەسەند دەکرێن.
  • تێچووی گشتی هەر پڕۆژەیەک نابێت لە ٩،٠٠٠،٠٠٠ (نۆ ملیۆن) دینار زیاتر بێت.
  • بودجەی پڕۆژەکە نابێت هیچ جۆرە مووچە و پاداشتێکی ماددیی بۆ خۆبەخشەکان تێدابێت، چونکە دەستپێشخەرییەکە لەسەر بنەمای کاری خۆبەخشییە.
  • پێشنیاری پڕۆژە پێویستە نووسراوی زانیاریی و وردەکاریی دارایی (زانیاریی بودجەی داڕێژراو) و وێنە و یان هەر دۆکیومێنتێکی دیکە کە پێویست بوو لەگەڵی دابێت وەکو نەخشە و دیزاین و ڕەزامەندییەکان.
  • لێژنەیەکی تایبەت و پسپۆڕ لەم بوارە  پێداچوونەوە بە دەستپێشخەرییە پێشکەشکراوەکان دەکەن و باشترینەکان دەستنیشان دەکەن.
  • کۆی گشتیی، باشترین (١٠) دەستپێشخەری پاڵپشتی دارایی دەکرێن لە گشت پارێزگاکانی عیراق.


 بابەتی  دەستپێشخەرییەکان

پڕۆژەکە پێویستە لە چوارچێوەی سێکتەری 'ژینگە' بێت و بە تایبەتی گۆڕانی کەش و هەوا  (Climate Change).

ئەمانەی خوارەوە چەند نموونەیەکن لە دەستپێشخەرییەکان:

  • ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا
  • ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوە پلاستیکییەکان
  • دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوە و خاشاک
  • دەستگرتن بە ئاو و  زیادەڕەوینەکردن لە بەکارهێنانی دا
  • پێشبڕکێی فۆتۆگرافی لە پێناو پاراستنی ژینگە
  • کامپینی پاککردنەوەی شوێنە گشتی و گەشتیارییەکان
  • فراوان کردنی رووبەری سەوزایی
  • پاراستنی ئاژەڵە بێلانەکان
  • راهێنانی هەنگەوانی
  • هەر پرۆژەیەك بێت کە خزمەت بە سێکتەری ژینگە بگەیەنێت لە کۆمەڵگە

 

بۆ  زانیاری زیاتر سەردانی پڕۆژەی دەسپێشخەری لاوانی خۆبەخش بکەن