لاوان

پڕۆژەی ١٠٠٠ هەلی کار و ڕاهێنانی پیشەی لەلایەن دەزگای روانگەوە ڕاگەیەندرا

Thursday, December 8, 2022 5:45 PM

هەولێر ، کوردستان ( ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢)- دەزگای روانگە لە رێورەسمێکدا پڕۆژەیەکی نوێی راگەیاند بۆ دابینکردنی هەلی کار و راهێنانی پیشەیی بۆ ١٠٠٠ کەس لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.


ئەم پرۆژەیە لە لایەن وەزارەتی فیدراڵیی ئەلمانیا بۆ هەماهەنگی ئابووری و پەرەپێدان (BMZ)  پاڵپشتی دارایی دەکرێت، و لە لایەن (GIZ) پڕۆژەی ئاسۆی کارکردن (P4E) بە هاوبەشی لەگەل دەزگای روانگە جێبەجێ دەکرێت. هێزێکی نوێی کار دەناسێنین بە بازاڕ، و پەیوەندییەك لەنیوان خاوەنکاران و بێکاراندا دروستدەکەین، وە کار دەدۆزینەوە بۆ ئافرەتان و لاوان و ئاوارەکانی دانیشتووی هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەمەش لە رێگەی دۆزینەوەی هەلی کار و ڕاهێنان و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان کۆمپانیا بازرگانییەکان و لاواندا دەبێت.


بە ئامادەبوونی ٦٦ کۆمپانیا، بەڕێز نەزمی موسا، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، و بەڕێز تەیب کەژۆ، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی هەولێر پڕۆژەکە راگەیاندرا. لە سەرەتای رێورەسمەکە هەر یەك لە عبدالسلام مەدەنی، بەرێوەبەری گشتی دەزگای روانگە. ئەوین لەتیف، ئامۆژگاریکەری تەکنیکی، و بەڕێز نەزمی موسا، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی وتارێکیان پێشکەش کرد. دواتر دەربارەی پڕۆژەکە و ئامانجەکەی بۆ کۆمپانیا ئامادەبووەکان روونکرایەوە. لە کۆتایی رێورەسمەکە، گفتووگۆ لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکان کرا و هەموو پرسیارەکانیان دەربارەی پڕۆژەکە خستەروو و لەلایەن تیمی پڕۆژەکە وەڵام درانەوە.


پڕۆژەکە بە شێوەیەکی سەرەکی گرنگی دەدات بە دابینکردنی پشتگیری تەکنیکی بۆ دروستکردنی دەرفەتی دامەزراندن و بەرزکردنەوەی ڕێژەی دامەزراندن بۆ لاوان و ئافرەتان، لەم ژینگەیەدا زۆربەی دەرفەتەکان بۆ دامەزراندنی درێژخایەن لە بوارە جیاجیاکانی ئابووری کاردا چڕدەکرێنەوە وەک بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری (کارەباو گاز) ، فرۆشتن ، بازرگانی تاک و کۆ فرۆشی ، پەروەردە ، دەزگا تایبەتەکان ، کشتوکاڵ و هەر کەرتێکی دیکەی پەیوەندیدار بە سێکتەری پیشەسازی.

ئامانجی سەرەکی پرۆژەکە چارەسەر کردنی کێشەی بێکاریە و کەم کردنەوەی کاریگەرییەکانییەتی لەسەر ئالەنگارییە ئابووریەکانی ئێستا.

 

بۆ ئەم مەبەستە، دەزگای روانگە لاوانی بێکار دیاری دەکات بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە پێویستییان بە کارمەندی نوێیە یاخود دەتوانن هەلی راهێنان دابین بکەن لەگەڵ ئەوەشدا، پاڵپشتی کۆمپانیاکان دەکەین لە رێگەی خەرجکردنی (٢٠٥) هەزار دینار بۆ موچەی مانگانەی کارمەندەکە بۆ ماوەی شەش مانگ – کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تێچوو و موچەی کارمەند لەسەر کۆمپانیاکان. بڕی مووچەی زیادە دەبێت کۆمپانیا دابینی بکات بۆ کارمەندەکە بە پێی رێککەوتنی نێوان کارمەند و خاوەنکار.