کەسانی لێقەوماو

دەزگای روانگە پشتگیری خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر دەکات وەکو بەشێک لە پڕۆژەی "تەنیا نیت"

Monday, August 29, 2022 9:53 PM

هەولێر، کوردستان ( 29 ی ئابی 2022) – دەزگای روانگە چەند چالاکیەکی جۆراوجۆری لە خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر ئەنجامدا کە لەسەر ئاستی جیاجیای ئیداری، پەروەردەیی،  تەندروستی و دڵخۆشکەر لە خۆدەگرتەوە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'تەنیا نیت'.

 

پڕۆژەکە بریتی بوو لەگەشەپێدانی تواناکانی خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر لەچەند ئاستێکدا لەوانە پێشخستنی ئاستی کارگێڕیی خانەکە و پەرەپێدانی ئاستی توێژەرانی کۆمەلایەتی کە لە لایەن کەرتی حکومی و بەشێکی دیکە کە لەلایەن دەزگای روانگە دامەزراون بەدابینکردنی خولی ڕاهێنان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردنیان لەبەڕێوەبردنی کەیسەکان و ئامادەکردنی پلانی هەفتانە و مانگانە بۆ منداڵەکان.

 

ئەپڵیکەیشنێکی ئەلکترۆنیش بە پێی پێداویستیەکانی خانەکە دیزاین کراوە. ئەم بەرنامەیە بەرنامەی ڕاپۆرتی هەفتانە و مانگانە بۆ توێژەرانی کۆمەڵایەتی ئامادە دەکات. هەروەها بەشێکی تایبەت بە بەڕێوەبردنی کەیسی منداڵان و چاودێریکردنی ڕەوشی مامۆستایان و دانانی چالاکی پەروەردەیی بۆ منداڵان و فەرمانبەران لەخۆدەگرێت بەپێی پلانێک کە دەزگای روانگە بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دایناوە.

 

ئەو چالاکییە سەرەکییانەی کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ئەنجامدراون بریتی بوون لە:

 

• دابینکردنی دایەن بۆ ئەوەی ئاگایان لە منداڵەکان بێت و پشت بە خۆیان ببەستن بە فێرکردنی چۆنیەتی گرنگیدان بە پاک و خاوێنی کەسی ، ڕێکخستنی جل و بەرگەکانیان ، ئامادەکردنیان بۆ قوتابخانە ، ڕێکخستنی کەلوپەلی ڕۆژانەیان و چەندین ئەرکی دیکە.

 

• توێژەرە کۆمەڵایەتیەکان زانیاریان دەربارەی منداڵەکان کۆکردەوە، داتابەیسی هەر پرۆفایلێکی منداڵەکانیان لەسەر بەرنامەیەکی وێب پڕکردۆتەوە، هەڵسوکەوتی منداڵەکانیان تۆمار کردووە و هەموو هەوڵێکی خۆیان داوە بۆ باشترکردنی.

 

• پێشکەشکردنی چەندین بابەتی هۆشیاری کۆمەڵایەتی وەک: (کۆکردنەوەی پارە، گوێگرتن لە کاتی قسەکردنی کەسێک، بوون بە کەسێکی یارمەتیدەر، گرنگی پاک ڕاگرتنی ددانەکانمان، ئامادەکاری بۆ ساڵی نوێی خوێندن، ویست و پێویستیەکان، گرنگی کاتی خەوتن، ڕێزگرتن، زاڵبوون بەسەر خەمەکان، چۆن ئامادەکاری بکەین بۆ گەشتکردن، ڕێگری کردن لە دەستدرێژی سێکسی)

 

• دابینکردنی چارەسەرکەرێکی دەروونی بۆ بەدواداچوونی باری دەروونی منداڵان و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ دڵنیابوون لە باشتربوونی منداڵەکان.

 

• دابینکردنی پاڵپشتی پزیشکی بۆ پشکنینی پێستی منداڵەکان هەروەها دکتۆرێکی ددان سەردانی خانەکەی کرد و هەموو منداڵەکانی پشکنی، هەر منداڵێک کە کێشەی هەبێت خزمەتگوزاری وەرگرتووە. هەموو منداڵەکان پشکنینی بیناییان بۆ کراوە، و گشت پێویستییەکان ئەنجام درا.

 

هەروەها دەزگای روانگە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵێک خۆبەخش چەند چالاکییەکی هاوینەیی لە دەرەوەی خانەکە ڕێکخست، چالاکییەکان کۆرسێکی زمانی ئینگلیزی و کۆرسێکی تایکواندۆیی لەخۆ دەگرتەوە. منداڵەکان بە سەرکەوتوویی هەردوو کۆرسەکەیان تەواو کرد.

 

هەروەها بەشێکی دیکەی خولە هاوینییەکان بریتیبوون لە چەند چالاکییەکی وەک فێرکردنی وێنەکێشان و کاری دەستی منداڵان و سەمای بالێ و چیرۆکنووسین و مۆسیقا و چەندین چالاکی دیکە. خولەکان لەلایەن خۆبەخشانی دەزگای روانگەوە پێشکەشکران.

 

لە کۆتایی خولە هاوینیەکەدا تیمی دەزگای روانگە مەراسیمێکی بچووکیان ڕێکخست کە تێیدا چەند چالاکییەکی وەک نمایشکردنی وێنەکێشان و هونەری کاری دەستی کە منداڵان دروستیان کردووە و هەروەها ژەنینی ئامێرە مۆسیقییەکان و نمایشەکانی گۆرانی گوتنی لەخۆگرتبوو، ئەو خۆبەخشانەی کە لە خولەکەدا لەگەڵ منداڵان کاریان دەکرد، بڕوانامەی سوپاسگوزاریان پێبەخشرا.

 

پڕۆژەکە یەکێکە لە دەستپێشخەرییەکانی دەزگای روانگە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ماوەی شەش مانگدا ئەنجام دەدرێت بەمەبەستی دامەزراندنی سیستەمی چاکسازی خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر لە بەرواری٢٠ شوبات بۆ ١٨ ی ئاب ٢٠٢٢. بەهۆی سەرکەوتنی پڕۆژەکە، پلان بۆ درێژکردنەوەی پرۆژه که دانراوە بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە.