لاوان

پێشانگەی هایتێکس بە هاوبەشی دەزگای روانگە بەڕێوەدەچێت

Wednesday, June 29, 2022 8:49 PM

 

هەولێر، کوردستان (27ی حوزەیرانی 2022)، پێشانگای تەکنەلۆژیای هایتێکس بە هاوبەشی دەزگای روانگە و بە بەشداری زیاتر لە 186 کۆمپانیا لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێت.

 

پێشانگەکە تا ڕۆژی پێنج شەممە (27-30ی حوزەیرانی 2022) لە کاتژمێر 10ی بەیانی تا 7ی ئێوارە بەردەوام دەبێت لە پێشانگەکەدا زیاتر لە 186 کۆمپانیا و ئاژانس لە 30 وڵاتی جیاواز کە لە بواری تەکنەلۆژیا و ئەلیکترۆنی بەشداریان کردووە و بەرهەم و خزمەتگوزاری و چالاکییەکانیان نمایش دەکەن هەروەها پێشانگەکە شارەزایانی تەکنەلۆژیای زانیاری و بازرگانان لە وڵاتان و کۆمپانیا جیاوازەکانەوە بەیەک دەگەیێنێت، شایانی باسیشە کە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسروور بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دبەڕێز د. ڕێواز فایەق سەردانی پێشانگەکەیان کرد.

 

کۆمپانیا بەشداربووەکان لە چەندین بواری جیاوازدا کار دەکەن وەک تەکنەلۆژیای فیوچەری، پەیوەندییەکان، ژیری دەستکرد، تەکنەلۆژیای بەکاربەر، تۆڕەکان، هتد....

 

لەڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگەکەدا، فەرهەنگ برادۆستی (ڕێکخەری پێشانگای هایتێکس بۆ ساڵی 2022)، ئومێد خۆشناو (پارێزگاری هەولێر) و عبدالسلام مەدەنی (بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە) وتاریان پێشکەشکرد. ' تەکنەلۆژیا و سەردەم دوو بابەتی زۆر گرنگن کە هەموو جیهان لەگەڵیدا خۆی گونجاندوە، هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو خۆگونجاندنە، بە ئومێدی ئەوەی ئێمە چەند ساڵێکی دیکە ببینین تەنها بەکارهێنەری تەکنەلۆژیا نەبین تواناکانی گەنجانی ئێمە لە ناوەندەکانی ئەکادیمی و لە زانکۆکان ڕۆژانە نموونەی زۆر گەورە دەبینین، ئەو نموونانە ئومێدی ئەوە دەبن کە لە ئایندەدا پێشکەوتنی باشتر بەخۆەببینین.' وتەکانی پارێزگاری هەولێر.

 

لە میانی پێشانگەکە، کۆنفرانسی هایتێکس بەڕێوەدەچێت کە هەشت پانێڵ لەخۆدەگرێت و ناونیشانی پانێلەکانیش بریتین لە:

 

  • یاری ڤیدیۆیی لە نێوان ڕێگایەک بۆ بەدەستهێنانی داهات و بەربەستێک بۆ پەروەردەی گەنجان.
  • ڕۆڵی کۆمپانیای بازرگانی لە بەرزکردنەوەی پیشەکاری تەکنەلۆژیا.
  • بەکارهێنانی هێزی دیجیتاڵ بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و تاکەکان.
  • زاڵبوون بەسەر بەربەستەکانی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان.
  • دروستکردنی ئاڕاستە: هێزی ژمارەکان.
  • ئابوری Blockchain
  • ڕێگایەک بۆ سەدەی دیجیتاڵ.
  • ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لەدروستکردنی خزمەتگوزاری بانکی و پارەدان لەداهاتودا

 

 

هەروەها پرۆژەی 'بیرۆکەکەم وەبەربهێنە' ئەمساڵ بەشێک بوو لە پێشانگەکە بە بەشداری 15 بزنس کە بیرۆکە بازرگانییەکانیان لە بەردەم لیژنەییەکدا پێشکەشکرد، وە لە کۆتاییدا 5 بزنس بوون بە براوەی پێشبڕکێکە، براوەکان بە کۆی گشتی 30,000 دۆلار لەلایەن دەزگای روانگە کۆمەکی داراییان پێشکەشکرا کە بەم شێوەیەیی خوارەوە دابەشکران:

 

براوەی یەکەم (SmartMED) : 12,000,000 دینار عێراقی

براوەی دووەم (CheckeSystem): 10,000,000 دینار عێراقی

براوەی سێیەم (Wasla): 9,000,000 دینار عێراقی

براوەی چوارەم (Laoob App): 8,000,000 دینار عێراقی

براوەی  پێنجەم (Parezar): 6,000,000 دینار عێراقی

 

پڕۆژەی' بیرۆکەکەم وەبەربهێنە' وەك دەستپێشخەرییەكە بۆ کۆمەك کردنی بزنس و بیرۆکەکان. بە یەکبەستنەوەی ئەو پرۆژانەی کە پێویستیان بە کۆمەکی دارایی هەیە لەگەڵ وەبەرهێنەرەکان لەرێگەی پلاتفۆرمێکی ئۆنلاین، ئەم پڕۆژەیە سەرەتا لەلایەن "یەکێتی ئەوروپا" کۆمەکی دارایی بۆ دابینکرابوو و لەلایەن دەزگای روانگە بە هاوبەشی لەگەڵ پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پارێزگای هەولێر جێبەجێ کرا. دوای تەواوبوونی کۆمەکی پرۆژکە لە 31ی ئازاری 2021 دەزگای روانگە بڕیاری دا بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنی ئەم دەستپێشخەرییە داهێنەرانەیە.