لاوان

براوەکانی پڕۆگرامی سەرکردایەتی روانگە پڕۆژەکانیان جێبەجێ دەکەن

Friday, December 31, 2021 10:16 PM

لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ سێ گروپی براوەی پڕۆگرامی سەرکردایەتی روانگە لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك پرۆژە خۆبەخشییەکانیان جێبەجێ کرد.

سێ گروپە خۆبەخشیە براوەکە پێشتر لە رێگەی پرۆسەیەکی هەڵسەنگاندنەوە هەڵبژێردران کە لە رێکەوتی ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ئەنجام درا و هەریەك لە گروپە براوەکان کۆمەکی دارایی کران بە بڕی ١٥٠٠ دۆلاری ئەمریکی بۆ جێبەجێ کردنی  بیرۆکەی پڕۆژەکانیان. سێ پرۆژە خۆبەخشییەکە بریتی بوون لە:

 

 'دابەشکردنی سندوقی فریاگوزاری بۆ قوتابخانە گشتییەکانی سلێمانی'  لە لایەن گروپی 'گرنگیت پێ دەدەین'

 

پرۆژه له چەند چالاکییەك پێکهاتبوو لەوانە دابینکردنی ١٨ سندوقی فریاگوزاری لەوانە کەلوپەلی تەندروستی کچان بۆ ١٨ قوتابخانە. لە هەر سندوقێکدا، نامیلکەی رێنمایی دەربارەی چۆنیەتی بەکارهێنانی کەلوپەلەکان بە شێوەیەکی زانستی بەردەست بوو. چالاکی دووەم بریتی بوو لە دابەشکردنی ٣٠٠٠ نامیلکەی زانیاری سەبارەت بە تەندروستی و رووداوە جۆراوجۆرەکان کە لە کاتی قوتابخانە رووبەرووی قوتابیانی تەمەن ١٢- ١٨  ساڵ دەبنەوە.  چالاکییەکی دیکە بریتی بوو لە راهێنانێکی یەك رۆژی بۆ 24 مامۆستا بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە فریاگوزاری سەرەتایی.

 

 با لە رێگەی زیادکردنی ڕووبەری سەوز لە هەولێر ژینگەبپارێزین لە لایەن گروپی 'هاڤرا'

 

پڕۆژەکە بەئامانجی گردنگیدان بە ژینگە و زیادکردنی رووبەری سەوزایی لە  هەولێر ئەنجامدرا. گروپەکە ناوچەیەکیان دیاریکرد و ٣٤٠ داریان لەبەردەم ١٣٨ خانوو و قوتابخانەیەك و بنکەیەکی تەندروستی چاند. هەر دارێک کە لە رێگەی پڕۆژەکە چاندرا لەلایەن یەکێك لە ئەندامانی خێزانی ماڵەکانەوە ناونرا. چالاکییەکی دیکە بریتی بوو لە  دابەشکردنی نامیلکەی هۆشیاری ژینگەیی.

 

'پەرەدان بە کارامەییەکان لە رێگەی زیرەکی هەستەوە' لە دهۆك لە لایەن گروپی 'هەنگاودان بەرەو سەرەوە'


پڕۆژەکە دەستپێشخەرییەکە بۆ ئەو پێداویستیانەی کە لە راپۆرتی هەڵسەنگاندنی پێویستییەکان بۆ قوتابیانی سەرجەم بەشەکانی زانکۆی دهۆك ئەنجامدرا. لە ئەنجامی راپۆرتەکەدا، زۆربەی خوێندکاران پێویستیان بە بەرەوپێشبردنی بەهرەکانی بەڕێوەبردن و بەپرسیارێتی نیشاندا. بۆ ئەم مەبەستەش گروپەکە راهێنانێکی دوو رۆژیان پێشکەش کرد بۆ ٣٨ قوتابی زانکۆی دهۆك لە کۆمەڵگەی نێوخۆیی، ئاوارە، و پەنابەران سەبارەت بە بنیاتنانی تواناکان لە رێگەی بەکارهێنانی زیرەکی هەست. ئەم پڕۆژەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشتر کردنی تێگەیشتنی قوتابییەکان لە  هۆشیاری کەسی و زیرەکی هەست و دۆزینەوەی ئەمانجەکانیان و بەرزکردنەوەی توانا کۆمەڵایەتییەکانیان بۆ ئامادەکردنیان بۆ ژیانی پیشەیی.

 

پرۆگرامی سەرکردایەتی روانگە بەرنامەیەکی درێژخایەنی وەرچەرخانی لاوان بوو لە لایەن دەزگای روانگە بە هاوبەشی زانکۆی کورستان - هەولێر ئەنجام درا بۆ بەهێزکردنی تواناسازی لاوانی چالاک بۆ بوون بە گۆڕانساز و سەرکردەو پەرەپێدەری گەشەی بەردەوام و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی . بەرنامەکە کۆمەڵێک راهێنانی ئۆفلاین و ئۆنڵاینی پێشکەش بە ٢٤ لاو (١٣ کچ و ١١ کوڕ) کرد دەربارەی 'سەرکردایەتی' و 'بەڕێوەبردنی پرۆژە'. دواتر بەشداربووان بیرۆکەی پرۆژەی خۆبەخشیان دیزاین کرد و پڕۆژەکان لەلایەن لێژنەی هەڵسەنگاندنەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجامدرا بۆ دیاریکردنی سێ گرووپی براوە و وەرگرتنی ١٥٠٠ دۆلار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان.

​​