ژینگە

دەزگای روانگە هاوبەشی پڕۆژەی چاندنی یەك ملیۆن داربەڕوو دەکات

Tuesday, July 6, 2021 5:57 PM

لە رێکەوتی ٦ی تەمموزی ٢٠٢١، دەزگای روانگە رێکەوتننامەیەکی لەگەڵ رێکخراوی هەسار واژووکرد بۆ پڕۆژەی چاندنی یەك ملیۆن داربەڕوو لەهەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.

پڕۆژەکە یەکەم هەنگاوە لەلایەن هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا ، گۆڕانی کەشوهەوا بە هۆی زیادبوونی رێژەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن روودەدات کە لە ئەنجامی سووتەمەنییەکان لە هەوا دروست دەبێت. ئەمەش کاریگەری زۆری دەبێتە سەر گۆڕینی کەشوهەوای ئاسایی وەکو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و  کەمبوونەوەی رێژەی باران بارینی ساڵانە لە شوێنێکی دیاریکراو . کەمکردنەوەی رێژەی کاربۆن بە چارەسەری سەرەکی دادەنرێت بۆ رووبەرووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. گونجاوترین رێگاش بریتییە لە چاندنی داری گەورە وەك داربەڕوو.

دەزگای روانگە بە هاوبەشی رێکخراوی هەسار ئەم پڕۆژەیە ئەنجام دەدات بە ئامانجی چاندنی ٢٠٠ هەزار داربەڕوو لە ساڵی ٢٠٢٢.


لە رێگەی پرۆژەکەوە تۆوی بەڕوو لەسەر چیاکان کۆدەکرێتەوە، و لە ناو نەمامگە دەچێندرێت تاکو داربەڕووی بچووك دروست دەکات. شوێنی چاندنی داربەڕووەکان لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە دەستنیشانکراو و لە بەرنامەدایە دار بەڕووەکان لەسەر چیای شەکرۆك بچێندرێن.

چاندنی یەک ملیۆن داربەڕوو لە هەرێمی کوردستاندا، یەکەم هەنگاوە بۆ گەڕاندنەوەی ژینگەی سروشتی ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە هۆی دروستکردنی هەستی یەکگرتن لەناو کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە سوودکانی دار، مەترسی راماڵینی خاك کەم دەکاتەوە، هەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی گۆڕانی ئاووهەوای ناوچەیی.


پڕۆژەی ' یەک ملیۆن داربەڕوو ' لە ساڵی ٢٠٢٠ لە لایەن 'رێکخراوی هەسار'ەوە دەستی پێکرد بە ئامانجی چاندنی یەک ملیۆن داری بەڕوو لە ساڵی ٢٠٢٠ تاکو ٢٠٢٤. بۆ ساڵی ٢٠٢٢  پڕۆژەکە بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای روانگە ئەنجامدەدرێت بە مەبەستی چاندنی ٢٠٠ هەزار داربەڕوو تا کۆتایی ساڵەکە .