ژینگە

پڕۆژەی 'بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی لەرێگەی هونەر' ئەنجامدەدرێت

Monday, July 5, 2021 3:40 PM

لە رێکەوتی ٥ی٧ی٢٠٢١، دەزگای روانگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پرۆژەی 'بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی لەرێگەی هونەر' لە ژێر دروشمی 'پاراستنی ژینگە هونەرە' لە پارێزگای دهۆك راگەیاند، پرۆژەکە بۆ ماوەی ١٠ رۆژ لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆك، و هەڵەبجە بەردەوام دەبێت.


پڕۆژەکە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی پەیامی هۆشیاری ژینگەیی لە لایەن دەزگای روانگە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای (نەهج ئەلعراق- بریکاری سەرەکی کۆمپانیای  GWM) لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە ئەنجامدەدرێت. پڕۆژەکە پەیامی ژینگەیی گرنگ بەشێوازێکی هونەری بڵاودەکاتەوە لە رێگەی نەخشاندنی تابلۆی رەنگاورەنگی ژینگەیی لەسەر چەند دیوارێکی دیاریکراوی ئەم شارانە بەئامانجی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی.


شوێنی نەخشاندنی دیوارەکان لە سێ پارێزگایەکە بریتی بوو لە (دهۆك - قوتابخانەی ئاواز، هەولێر-  دیواری زانکۆی کوردستان – هەولێر، هەڵەبجە - دیواری نەخۆشخانەی ئامێز).

کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە لە لایەن بەڕێوەبەری ئۆفیسی دەزگای روانگە لە دهۆك و بەرێوەبەری ئۆفیسی کۆمپانیای GWM لە دهۆك و بە ئامادەبوونی کەناڵەکانی راگەیاندن لە پارێزگای دهۆك ئەنجامدرا.


بەڕێوەبەری ئۆفیسی دەزگای روانگە لە دهۆك، افرام عبدالاحد گوتی "پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگە داهاتوومان دیاری دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش دەزگای روانگە وەکو بەشێك لە پرۆژەکانی لە سێکتەری ژینگە و بە  کۆمپانیای نەهج ئەلعراق ئەمڕۆ پڕۆژەیەک رادەگەیەنێت بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی پەیامی پاراستنی ژینگەیی لە رێگەی نەخشاندنی تابلۆوە لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان".  

پڕۆژەکە پێشتر لە رۆژی جیهانی ژینگە (٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١) لە رێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان راگەیاندرا و لە مانگی تەمموز دەست بە جێبەجێ کردنی کرا.