پەروەردە و فێرکردن

دەزگای روانگە پێشبرکێی بیرکاری بۆ ساڵی ٢٠٢١ راگەیاند

Tuesday, June 15, 2021 9:49 PM

بەرواری ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١، دەزگای روانگە لە کۆنگرەیەکی  رۆژنامەوانیدا پڕۆژەی 'پێشبڕکێی بیرکاری' بۆ ساڵی سێیەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان  راگەیاند کە تێیدا ٣٧٤ قوتابی پێشبڕکێ دەکەن بۆ بەدەست هێنانی پلەکانی یەکەم،  دووەم و سێیەم.

 ئامانجی پڕۆژەکە هاندانی قوتابیانە  بۆ گرنگیدان بە بەشە زانستیەکان ( بەتایبەتی بابەتی بیرکاری)  و بەرزکردنەوەی  ئاستی هۆشیاری دایک و باوکان سەبارەت بە گرنگی بەشە زانسییەکان. دەزگای روانگە هەوڵدەدات لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە ئارەزووی قوتابیان بۆ وانە زانستییەکان (بەتایبەتی وانەی بیرکاری) زیاد بکات.

 

پێشبڕکێیەکە لە نێوان ٣٧٤ قوتابی قوتابخانە حکومییەکانی پۆلی ١٠ی بەشی زانستی لەسەر ئاستی ٦ بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی  کوردستان بەڕێوەدەچێت  کە پێکدێن لە  ١١ بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر،  ١٢ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی، ١٠  بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی دهۆك، ٣ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتی  پەروەردەی کەرکووك و، بەڕێوەبەرایەتی پەروەرەدەی هەڵەبجە. 

پڕۆژەکە لە کۆنگرەیەکی  رۆژنامەوانیدا لە لایەن بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە و بەڕێوەبەری ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە و بە بەشداری دەزگاکانی راگەیاندن لە یەکێک لە هۆڵەکانی  تاقیکردنەوە لە پارێزگای هەولێر راگەیاندرا.

 

 

عبدالسلام مەدەنی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە گوتی "ئامانجی سەرەکی ئەم دەستپێشخەرییە هەڵسەنگاندنی ئاستی پەروەردەیی بوو لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەروەها دروستکردنی پردێك لە نێوان قوتابییە یەکەمەکانی سەر ئاستی هەرێم لەگەڵ قوتابییە یەکەمەکانی دیکە لەسەر ئاستی جیهان و هاندانی قوتابیانە بۆ بەشداری کردن لە چەندین پێشبرکێی دیکەی نێوەدەوڵەتی"

 

هەردی مەعروف، بەڕێوەبەری  ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە گوتی "دەستخۆشی لە دەزگای روانگە دەکەین بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە بۆ ساڵی سێیەم لەسەر یەك، ئەم پڕۆژەیە بە پڕۆژەیەکی بەنر لە لایەن وەزارەتی پەروەردە لە بەر ئەوەی وانەی بیرکاری بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ قوتابیان و بە دایکی بابەتەکانی دیکە دادەنرێت، هەروەها گرنگییەکی دیکەی ئەوەیە کە پڕۆژەکە قوتابیانی هەموو کوردستان کۆ دەکاتەوە و وا دەکات ژینگەیەکی تەندروست لە نێوان قوتابیانی پارێزگاکان دروست بێت، ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە پشتگیری تەواوی ئەم جۆرە پڕۆژانە دەکەین".

 

قۆناغەکانی پێشبڕکێ:

قۆناغی یەکەم: قوتابیانی سەرتانسەری هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەی یەکەم ئەنجام دەدەن و ٦٠ قوتابی لە تاقیکردنەوەکە سەردەکەون بۆ قۆناغی دووەم.

قۆناغی دووەم: ٦٠ قوتابی تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن و ٦ قوتابی هەڵدەبژێردرێن بۆ قۆناغی دواتر.

قۆناغی کۆتایی: قۆناغی کۆتایی لە پارێزگای هەولێر ئەنجام دەدرێت و لە دوو بەش پێکدێت. لە کۆتایی ئەم قۆناغە پلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێن و خەڵات دەکرێن.

 

 بە ئامانجی زیادکردنی ئاستی  پێشبڕکێیەکە و هاندانی قوتابیان بە بابەتی بیرکاری، براوەکان خەڵآت دەکرێن. براوەی  یەکەم بڕی ٢ هەزار دۆلاری پێدەدرێت و گەشتێکی زانستی دەکات بۆ وڵآتێکی دیکە،  هەروەها قوتابخانەکەی بڕی ٢ هەزار دۆلاری پێدەدرێت. پلەی دووەم بڕی هەزار و ٥٠٠ دۆلاری  پێدەدرێت و بڕی هەزار و ٥٠٠ دۆلار دەبەخشرێتە قوتابخانەکە. براوەی سێیەم بڕی هەزار  و ٢٥٠ دۆلاری پێدەدرێت و هەزار و ٢٥٠ دۆلار دەبەخشرێتە قوتابخانەکەی.

 

 پێشبڕکێی بیرکاری بۆ ساڵی ٢٠٢١  دەزگای روانگە بە هاوکاری (وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان) و سپۆنسەری  کۆمپانیای کوردنەفت وەکو سپۆنسەری ئەڵماس و دارین گروپ وەکو سپۆنسەری زێڕین ئەنجامدەدرێت.