پەروەردە و فێرکردن
براوەکانی پێشبڕکێی بیرکاری راگەیەندران
بەرواری ١٧ی ئابی ٢٠٢٠، دەزگای روانگە رێوڕەسمی کۆتایی پێشبڕکێی بیرکاری بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئەنجامدا کە قۆناغەکانی پێش کۆتایی و کۆتایی پێشبڕکێیەکە بوون و تێیدا قوتابیانی پلەی یەکەم، دوەەم و سێیەم دیاریکران و خەڵاتکران.
پێشبڕکێیەکە بە هاوکاری ٦ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە ئەنجامدران و لە چوار قۆناغ پێکهاتبوون. تەنیا ٦ قوتابی گەیشتبوونە قۆناغی پێش کۆتایی و لە پێشبڕکێیەکەدا پێشبڕکێیان دەکرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانی بیرکاری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. قوتابییەکان بریتیبوون لە :
بلال مسلم محمد – بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر - ئامادەیی کوردستان
نور سامان رؤوف - بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کەرکووك - ئامادەیی نێرگز
سیزار رێبوار عبدالغفار - بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك - ئامادەیی ئاکرێ
هوشیار سیروان کەریم - بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان - ئامادەیی هاوکاری
ئارا عبدالسلام سالار - بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی – دواناوەندی شەهید جەبار
رێکار هیوا احمد - بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجە – ئامادەیی کۆلێژی هاوبەشی هەڵەبجەی کوران
بە مەبەستی پابەدنبوون بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، پێشبڕکێیەکە لە ستۆدیۆی کەناڵی ئاڤا ئەنجامدرا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی دیاریکراوی ئامادەبووان کە بریتی بوون لە: قوتابییەکان، راوێژکاری وزارەتی پەروەردە، لێژنەی هەڵسەنگاندنی پرۆژەکە، بەڕێوەبەری قوتابخانەی قوتابییە پاڵێوراوەکان بۆ قۆناغی کۆتایی. هەروەها لە کاتی بەڕێوەچوونی پێشبڕکێیەکە رەچاوی تەواوی رێنماییە تەندروستییەکان کرا.
عبدالسلام مەدەنی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە گوتی: "دەبێت پرۆسەی پەروەردە ببێتە بەرپرسیاریەتی تاك و جڤاك و خێزان نەك تەنیا قوتابخانە .لە پرۆسەی فێربوون پێویستە چێژ لە فێربوون وەربگیرێت نەك وەك ئەرکێك سەیر بکرێت" .
بورهان ئەرگوشی، راوێژکاری وەزیری پەروەردە کە لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوو و سوپاسی دەزگای روانگەی کرد بۆ پێشبڕکێیەکە، گوتی '' بیركاری گرنگترین ماددەی خوێندنە، چونكە دەبێتە مایەی بونیاتنانی دیسیپلینی عەقڵی لە لای قوتابی، هەروەها هانی دەدات كە لۆجیكییانە بیربكاتەوە. - بیركاری ڕۆلێكی گرنگی هەیە لە تێگەیشتن و فێربوونی بابەتەكانی تری خوێندن لە لای قوتابی، وەك زانستەكان و بابەتەكانی تری خوێندن،تەنانەت موزیك و هونەریش. - ئەم چالاكییەی دەزگای روانگە تەواوكاری بەرنامەی وەزارەتە بۆ گرنگیدانی زیاتر بە بابەتی بیركاری و مایە رێز و سوپاسە".
دادوەرانی پێشبڕکێیەکە، کە لە رێوڕەسمەکە ئامادەبوون و بڕوانامەی رێزلێنانایان لەلایەن دەزگای روانگە پێشکەشبرا بریتیبوون لە د.صنعان محمد، هێمن عبدالکریم، کوردۆ شەریف، پێشکەت فرسەت، ابراهیم محمد، گوڵنار وسیم، د.رەمەزان عابد.
براوەی یەکەم، جیا لە نازناوی پاڵەوانی بیرکاری، بڕی ٢ هەزار دۆلای وەك خەڵات پێدرا. هەروەها ٢ هەزار دۆلار بەخشرایە قوتابخانەکەی.براوەی دووەم، بڕی ١،٥٠٠ دۆلاری بەدەستهێنا و ١،٥٠٠ دۆلار بەخشرایە قوتابخانەکەی.براوەی سێیەم، بڕی ١٠٠٠ دۆلاری بەدەستهێنا و ١٠٠٠ دۆلار بەخشرایە قوتابخانەکەی.
پرۆژەی 'پێشبڕکێی بیرکاری' پرۆژەیەکی ساڵانەی دەزگای روانگەیە بە ئامانجی پڕۆژەکە هاندانی قوتابیانە بۆ گرنگیدان بە بەشە زانستیەکان ( بەتایبەتی بابەتی بیرکاری) و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دایک و باوکان سەبارەت بە گرنگی بەشە زانسییەکان. دەزگای روانگە هەوڵدەدات لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، ئارەزوی قوتابیان بۆ بەشە زانستییەکان زیاد بکات.