لاوان

دەزگای روانگە پڕۆژەی خەڵاتەکانی روانگە ٢٠٢٠ رادەگەینێت

Monday, July 20, 2020 7:30 PM

 بەرواری  20ی تەمموزی  ٢٠٢٠  دەزگای روانگە پڕۆژەی خەڵاتەکانی روانگەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند   بۆ ساڵی ٢٠٢٠. 

دەزگای روانگە بەمەبەستی برەودان به توانای لاوان و دۆزینەوەی بەهرە شاراوەکانیان و شکۆفەکردنی هەستی متمانە بەخۆکردن و وەگەڕخستنی کارامەییە هونەریی و ئەدەبیی و زانستییەکانیان بەرهەمی جۆراوجۆری هونەریی و ئەدەبیی و زانستیی ئەو لاوانەی کوردستان وەردەگرێت کەوا تەمەنیان لەنێوان ١٥- ٢٥ ساڵانە، لە بوارەکانی کورتە چیڕۆک، کورتە فیلم، فۆتۆگرافیی، تاکژەنی میوزیک، داهێنانی زانستیی، هونەری ریسایکلین، وێنەکێشان، دەستپێشخەری کار، هۆنراوە، پڕۆگرامسازی. هەر لاوێکیش بیەوێت بە بەرهەمێکی داهێنراوی خۆی بەشداری ئەو پێشبڕکێیە بکات، دەتوانێت دوای خوێندنەوەی مەرج و رێنماییەکانی تایبەت بە هەر بوارێک لەم بوارانەی سەرەوە بابەتەکەی بنێرێت بۆئەوەی لە رێگەی لیژنەی پسپۆڕەوە هەڵسەنگێندرێت و دواتریش لە ئاهەنگێکی شایستەدا کە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا ڕێکدەخرێت، خەڵاتی روانگە دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە پلەی یەکەم و دووەم و سێیەمی هەر یەک لە بوارەکانیان بەدەست هێناوە.

مەرجە گشتییەکان:

تەمەنی بەشداربوو دەبێ لەنێوان ١٥ تا ٢٥ ساڵدا بێت.

بەرهەمەکەی نابێ پێشتر لە هیچ شوێنێکی تر بڵاو کرابێتەوە یان نمایشکرابێت، بەرهەمی ساڵی ٢٠٢٠ بێت.

بەشدار بوو دەبێت تەنها بە یەک بەرهەم بەشداری بکات.

هەر کەسێک دانیشتووى پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکوک، هەڵەبجە بێت مافی بەشداربوونی هەیە.

بەرهەمەکە لە بەرواری ٢٠-٧-٢٠٢٠ تاوەکو ١-١١-٢٠٢٠ وەردەگیرێت.

بەشداربوو دەبێت ئامادەیی تێدابێت بۆ هەر چاوپێکەوتن و لێکۆلینەوەیەکی لیژنەی هەڵسەنگاندن.

بەشداربوو دەبێت کۆپیى ناسنامە و ژمارەی تەلەفۆن و ناوی شوێنی نیشتەجێبوون لەگەڵ بەرهەمەکەی بنێرێت.

ئەو بەرهەمەی کە خەڵات وەردەگرێت، دەزگای روانگە مافى بڵاوکردنەوەی هەیە و دەتوانێت لە هەر کات و شوێنێک و کەناڵێکی راگەیاندن بەرهەمەکە بڵاوبکاتەوە، تەنها بۆ کاری بازرگانی نەبێت.

 

بۆ  زانیاری زیاتر سەردانی پڕۆژەی  خەڵاتەکانی روانگە بکەن