پەروەردە و فێرکردن
دەزگای روانگە پێشبڕکێ بیرکاری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان رادەگەیەنێت
بەرواری ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٠، دەزگای روانگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پڕۆژەی 'پێشبڕکێی بیرکاری' بۆ ساڵی دووەم لەسەر ئاستی کوردستان ڕاگەیاند کە تێیدا ٦١٤ قوتابی پێشبڕکێ دەکەن بۆ بەدەست هێنانی پلەکانی یەکەم، دووەم و سێیەم.
ئامانجی پڕۆژەکە هاندانی قوتابیانە بۆ گرنگیدان بە بەشە زانستیەکان ( بەتایبەتی بابەتی بیرکاری) و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دایک و باوکان سەبارەت بە گرنگی بەشە زانسییەکان. دەزگای روانگە هەوڵدەدات لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، ئارەزوی قوتابیان بۆ بەشە زانستییەکان زیاد بکات.
پێشبڕکێیەکە لەسەر ئاستی ٦ بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت کە پێکدێن لە ١١ بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر، ١٢ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی، ١٠ بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی دهۆك، ٣ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکووك و، بەڕێوەبەرایەتی پەروەرەدەی هەڵەبجە.
پڕۆژەکە لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی راگەیاندرا کە بە بەشداری دەزگاکانی راگەیاندن لە یەکێک لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە لە پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا.
هەردی مەعروف، بەڕێوەبەری ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە گوتی "دەستخۆشی لە دەزگای روانگە دەکەین بۆ ئەم دەستپێشخەریە بۆ پشتگیری کردنی بواری پەروەردە. ئەم جۆرە پرۆژانە هاندانێکی باشە بۆ قوتابیان لە سەرانسەری کوردستان بۆ ئاڵوگۆرکردنی زانیارییەکان. خۆشحاڵین کە دەزگای روانگە بۆ دووەم ساڵ ئەم پرۆژەیە ئەنجام دەدات".
هاوکات، عبدالسلام مدنی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە ئامانجی پڕۆژەکەی زیاتر خستەڕوو گوتی '' ئەم دەستپێشخەرییەمان دەستپێکردووە تاکو ژنگەیەکی تەندروست لە کۆمەڵگەدا بنیاد بنێین کە هەر کەسێك لەلای خۆیەوە بەشداربێت لە بەرەو پێشبردنی پەروەردە لە کوردستان. ساڵی رابردوو لە هەولێر دەستمان پێکرد تاکو بزانین تا چەند سەرکەوتوو دەبێت. خۆشحاڵآنە زۆر سەرکەوتووبوو. ئەمساڵ، پڕۆژەکەمان فراوانترکرد بۆ ئاستی هەرێمی کوردستان. هەروەها، پلانمان وایە لە داهاتوودا تەنیا وانەی بیرکاری نەبێت، بەڵکو وانەی دیکەی زانستیشی بۆ زیاد بکەین. ئەم پڕۆژەیە دەستپێشخەرییەکە بۆ دروستکردنی کولتووری پێشبڕکێ لە بابەتە زانستییەکان تاکو هانی قوتابیان بدەین بەشدار بن لەم جۆرە پێشبڕکێیانە لە سەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی.''
پيشبڕکێی بیرکاری چوار قۆناغ لە خۆ دەگرێت؛
بە ئامانجی زیادکردنی ئاستی پێشبڕکێیەکە و هاندانی قوتابیان بە بابەتی بیرکاری، براوەکان خەڵآت دەکرێن. براوەی یەکەم بڕی ٢ هەزار دۆلاری پێدەدرێت و گەشتێکی زانستی دەکات بۆ وڵآتێکی دیکە، هەروەها قوتابخانەکەی بڕی ٢ هەزار دۆلاری پێدەدرێت. پلەی دووەم بڕی هەزار و ٥٠٠ دۆلاری پێدەدرێت و بڕی هەزار و ٥٠٠ دۆلار دەبەخشرێتە قوتابخانەکە. براوەی سێیەم بڕی هەزار دۆلاری پێدەدرێت و هەزار دۆلاری دەبەخشرێتە قوتابخانەکەی.
پێشبڕکێی بیرکاری بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دەزگای روانگە بە هاوکاری (وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان) و سپۆنسەری کۆمپانیای (ئەلحەیان پێپسی) ئەنجامیدەدات.