ژینگە

دەزگای روانگە لە رۆژی ژینگەدا هەولێر و سلێمانی پاک دەکاتەوە

Sunday, April 16, 2017 2:45 PM

بەرواری ١٦ی نیسانی  ٢٠١٧  دەزگای روانگە  لە پێناو بەرزڕاگرتنی رۆژی ژینگەی کوردستان و  هاندان و هۆشیارکردنەوەی هاوونیشتیمانیان بۆ پاراستنی، هەڵمەتێکی هۆشیاری و پاککردنەوەی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی ئەنجامدا.

هەڵمەتەکەلە هەولێر لە شارەدێی بەحرکە لە ژێر دروشمی '' بەڵێ بۆ ژینگەیەکی پاک'' بە هەماهەنگی پەیمانگای سەروەر ئەنجامدرا.  سەروی نەسرەدین، بەڕێوەبەری پەیمانگاکە لە بارەی هەڵمەتەکە گوتی '' دوو پەیامی سەرەکیمان هەیە لە رێکخستنی هەڵمەتەکە. دەمانەوێت نیشانی هاوونیشتیمانیانبدەین کە پاراستنی ژینگە ئەرکی هەموومانە. هەروەها هەموومان بەرپرسین لەوژینگەی تێیدا دەژین''. ئەو سوپاسگوزاری خۆی بۆ دەزگای روانگە دوپاتکردەوە و گوتی '' توانای ئێمە سنوردارە، بەبێ دەزگای روانگە نەماندەتوانی پێداویستیەکانی هەڵمەتەکە دابین بکەین''.

لەسەرەتای هەڵمەتەکە لە پێناو رێزگرتن لە رۆژی ژینگەی کوردستان، بەدەیان ئۆتۆمبێلی شارەدێکە چەند خولەکێک لەکار وەستان. هەروەها دەزگای روانگە کیسی نایلۆن  و دەستکێش ودەمامکی بۆ زیاتر لە ٧٠٠ کەسی بەشداربووی هەڵمەتەکە دابینکرد.

لە هەڵمەتەکە جیا لە تیمی روانگە، قوتابیان و مامۆستایان و هاوونیشتیمانیان و كاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتی  شارەدێیەکی (ناحیەکە) بەشداریانکرد لە پاککردنەوەی شەقامی سەرەکی شارەدێکە .عومەر مەلا حەمەدی تەمەن ٣١ ساڵ هاوونیشتیمانیەکی خۆبەخشبوو لە هەڵمەتەکە بەگرنگیەوە باسی لە هەڵمەتەکە کرد و گوتی '' پێویستە ببینە نمونە بۆ نەوەی دوای ئێمە و لە رێگەی ئەم هەڵمەتانەوە فێریان بکەین چۆن ژینگە بپارێزن''.

لە چوارجێوەی چالاكییەكانی رۆژی ژینگەی کوردستان، دەزگای روانگە لە شاری سلێمانی بە هەماهەنگی شارەوانی سلێمانی چەند چالاکیەکی ئەنجامدا.  لە چالاکیەکاندا سەرۆک و تیمی شارەوانی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی پارکەکان، بەرپرسی دەستەی ژینگەی سلێمانی و ژمارەیەک خۆبەخش بەشداریان تێداکرد. چالاکیەکان لە ناوچەی دەباشان ئەنجامدران و تیمی روانگە جیا لە هاوکاریکردن لە پاککردنەوەی شوێنەکە، ژمارەیەکی زۆر نامیلکەی بڵاوکردەوە بۆ هۆشیارکردنەوە و هاندانی هاوونیشتیمانیان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان.

ساڵی ٢٠٠٧ بە بڕیاریکی پەڕلەمانی کوردستان رۆژی ١٦ی نیسان بە رۆژی ژینگەی کوردستان دەستنیشانکرا. ساڵانە لەم رۆژەدا چەندین هەڵمەت و چالاکی ئەنجامدەدرێن لە پێناو پاراستنی ژینگەی کوردستان و هاندانی هاونیشتیمانیان بۆ پاکراگرتنی.