ژینگە
دەزگای روانگە و منداڵانی بێ سەرپەرشت یادی رۆژی زەوی دەکەنەوە
ساڵانە زۆرێك لە دانیشتوانانی زەوی یادی رۆژی زەوی دەکەنەوە تاوەکو زانیاری زیاتر دەربارەی ژینگە و پاراستنی زەوی بڵاو بکەنەوە و هەروەها هانی کۆمەڵگەکان و تاکەکان بدەن بۆ زیاتر گرنگیدان بە ژینگە.
بەرواری ٢٢ی نیسانی ٢٠١٧، دەزگای روانگە بە بەشداری گروپێک لە منداڵانی بێسەرپەرشت و کۆمەڵێک لاوی خۆبەخش لە پارێزگای دهۆک بەبۆنەی رۆژی زەوی چەند چالاکییەکی ژینگەییان بە ئەنجام گەیاند.
رۆژی زەوی لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا بە چەند چالاکیەکی جۆراو جۆر بەڕێوە دەچێت کە هەموویان لە چوارچێوەی پەیامێکدا کۆبوونەوەتەوە بۆ هاندانی دانیشتوانی زەوی تاوەکو زەوی بە پاک و تەندروستی بپارێزن. ئەفرام ئەبلاهاد، بەڕێوەبەری نوسینگەی دەزگای روانگە لە شاری دهۆک سەبارەت بە ئامانجی چالاکیەکان گوتی '' دەمانەوێت لە رێگەی ئەم چالاکیانەوە هانی هاونیشتیمانیان بدەین تاوەکو ژینگە پاکرابگرن و زەوی بپارێزن''.
٢٢ی نیسان وەك رۆژێکی تایبەت دەستنیشان کراوە بۆ زەوی. دەزگای روانگە هەر بەم بۆنەیەوە چالاکیەکانی لە دارستانی زاوێتە (شاری دهۆک) ئەنجامدان، کە تیایدا کۆمەلێک لە منداڵان و لاوانی خانەی بێ سەرپەرشتان و چەندین لاوی دیکە بە خۆبەخشی هاوکاری دەزگای روانگە بوون لە چالاکیەکاندا.
چالاکیەکان بریتیبوون لە وێنەکێشان و پەیامی پاراستنی ژینگەیی لەسەر بەشێک لە دیواری باڵەخانەکانی شارتاوەکو پەیامی پاراستنی ژینگە بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگە و زۆرترین کەس هانبدەن تاوەکو زەوی بپارێزن.، هەر لە چوار چێوەی چالاکییەکاندا چەندین نەمامی تازە لە باغچەکان چێندران بۆ زیاتر کردنی رێژەی سەوزایی و درەخت لە نێو شاردا. لە کۆتایی هەڵمەتەکەدا چاندین شوێنی سەیرانگاکان پاککرانەوە و هانی هاونیشتیمانیاندرا تا زیاتر هاوکاری پاکراگرتنی ژینگەبن.
ئامانجی رۆژی زەوی بڵاوکردنەوەی زۆرترین زانیاریە سەبارەت بە پاکراگرتنی ژینگە لە هەموو جیهاندا دەزگای روانگەش ساڵانە لەم رۆژەدا چەندین چالاکی و پڕۆژەی هەمەجۆر ئەنجامدەدات.