ژینگە
دەزگای روانگە و کونسوڵخانەی فەڕەنسا رۆژی جیهانی ژینگە بەرز رادەگرن
رۆژی ٥ی حوزەیران، رۆژی جیهانی ژینگەیە و ساڵانە ئەو رۆژە لەسەرانسەری جیهاندا یادی دەکرێتەوە و بەچەندین چالاکی جۆراوجۆر هۆشداری بڵاودەکرێتەوە بۆ پاراستنی ژینگە.
بەرواری ٥ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ کۆنسولخانەی فەڕەنسا لە هەولێر کۆنفرانسێکی سازکرد سەبارەت بەگرنگیدان بە ژینگە کە تێدا وەزیری ژینگەی هەرێمی کوردستان و کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا، کونسوڵی گشتی فەڕەنسا و رێکخراوە حکومی و ناحکومیەکان بەشداریان تێداکرد.
دەزگای روانگە وەک دەزگایەکی چالاک لەو بوارەدا بەشێوەیەکی فەرمی بانگێشتکرا تاوەکو تیشک بخاتەسەر کارو چالاکیەکانی لە بواری ژینگەدا وەهەروەها پلان و بەرنامەی کاری داهاتووی بخاتەروو لە پێناو باشترکردنی ژینگە لە جیهان بە گشتی و بەتایبەتی لە کوردستاندا.
تیمێکی دەزگای روانگە بە بەشداری عبدالسلام مەدەنی، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە دەزگای روانگە، لە کۆنفرانسەکە ئامادەبوون. عبدالسلام مەدەنی باسی لە کاروچالاکیەکانی چوارساڵی رابردووی دەزگای روانگە کرد، کە لە پێناو باشترکردنی ژینگە ئەنجامدراون. هەروەها جەختی لەسەر گرنگی سیستەمی ریسایکڵین کردەوە کە پێویستە لە ناوچەکەدا هەبێت بۆ کۆکردنەوەی خاشاک و دووبارە بەکارهێنانەوەیان.هەروەها هەردوو کونسوڵی فەرەنسی و کونسوڵی ئەڵمانیا پشتگیریان بۆ بیرۆکەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە پیشاندا و هاوڕابوون لە گرنگی سیستەمەکە لە هەرێمی کوردستان.
دەزگای روانگە چەندین پڕۆژەی ژینگەیی جۆراوجۆری لە شارە جیاوازەکانی کوردستان ئەنجامداوە وەک هۆشیاری پاراستنی ژینگە لە قوتابخانەکانی دەڤەری سۆران، بەرهەمهێنانی کورتە فیلم بۆ دەستپێوەگرتنی ئاو و کارەبا و فرێنەدانی خاشاک و پاشماوە کە لە کەناڵەکانی راگەیاندن بڵاوکرایەوە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ، دانانی زبڵدانی قەبارەی جیاواز لە نێوشار و شووێنە گەشتیارییەکان تاوەکو پاشماوە و خاشاکەکان فرێنەدرێنە سەر زەوی، لەگەڵ دانان و بڵاوکردنەوەی تابلۆی ئاگادارکردنەوە بەمەبەستی پاراستنی شوێنە گەشتیاری و گشتییەکاندا.
رۆژی جیهانی ژینگە، سەرەتا لە ساڵی ١٩٧٤ وەک هەڵمەتێک دەستی پێکرد بۆ هاندانی هاووڵاتیان بۆ پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگە. ساڵانە نزیکەی ١٥٠ وڵات ئەم رۆژە بەرزرادەگرن بە ئەنجامدانی هەڵمەتی پاراستنی ژینگە و گفتوگکردن لەسەر رێگە چارەکان بۆ باشترکردنی ژینگە.