کەسانی لێقەوماو

دەزگای روانگە زۆنی منداڵان و لاوانی کامپی قوشتەپە نۆژەن دەکاتەوە

Monday, January 20, 2020 11:43 AM

لە بەرواری ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ دەزگای  روانگە رێورەسمی کۆتایی نۆژەنکردنەوەی زۆنی منداڵان و لاوانی کامپی قوشتەپەی  بەڕێوەبرد. 


ئامانجی سەرەکی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکە دروستکردنی کەشێکی لەبارو تەندروستە بۆ منداڵان و لاوانی کامپەکە بۆ ئەوەی منداڵەکان بتوانن کاتێکی خۆش بەسەرببەن و دەرفەتێك برەخسێت بۆ گەنجان بۆ ئەوەی کار و چالاکیاکانیان ئەنجام بدەن و حەزوئارەزووەکانیان بەدی بێنن.

پرۆسەی نۆژەندنکردنەوەی زۆنەکە بێکهاتبوو لە 'نۆژەنکردنەوەی زەوی دەرەوە و ناوەوەی ژوورەکان، چاکردنەوەی کارەبای زۆنەکە، دابینکردنی ئاوی خاوێن، نۆژەنکردنەوەی سەقفی ژوورەکان، چاکردنەوە و دابینکردنی یاری منداڵان، چاکردنەوەی گۆڕەپانی یاریەکان، دروستکردنی باخچە و چاندنی سەوزایی، بۆیەکردنی گشتی و خاوێن کردنەوەی گشتی زۆنەکە.

سەرەتای رێورەسمەکە بە پارچە میوزیکێك دەستی پێکرد کە لە لایەن گروپی مۆسیقای کیدزۆنەوە پێشکەشکرا. و بە چەند وتەیەك لە لایەن دەزگای روانگە و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی لاوانی هەولێر بەردەوام بوو، دواتر بە گەشتێك بەناو زۆنەکەدا کۆتایی پێهات.

بەختیار فەرهاد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی لاوانی هەولێر گوتی "ماوەی سالێکە کار و چالاکیەکان لە زۆنی منداڵان و لاوانی کەمپەکە راوەستاوە کە بەهۆی کەش و هەوای ساردی ناوچەکە زۆربەی شوێنەکانی تێکچوبوون، دەستخۆشی لە دەزگای روانگە دەکەین کە توانیان بنکەکە نۆژەن بکەنەوە، ئەمرۆ بە سەرەتایەکی نوێ دادەندرێت بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوە و پرۆگرامێکی نوێتر دەست بە کار و چالاکیەکانمان بکەینەوە بۆ ئەوەی منداڵان و لاوان بتوانن سوودمەند بن".

زۆنی منداڵان و لاوان لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن دەزگای روانگە و مانگی سووری ئیماراتی بەردی بناغەی داندرا و بنیاتنرا. دواتر رادەستی بەڕێوەبەرایەتی  لاوانی هەولێر کرا، زۆنەکە چەند بەشێکی لە خۆ گرتووە وەك: کتێبخانە، تاقیگەی کۆمپیوتەر، گوڕەپانی یاری، باخچە. و شوێنی تایبەت بە چەندین چالاکی تر لە خۆ دەگرێت وەك وێنەکێشان، خوێندنەوە، کۆبوونەوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، بەڕێوەبەرایەتی لاوانی هەولێر بە فەرمی داوای لە دەزگای روانگە کرد کە ئەرکی نۆژەنکردنەوەی بنکەکە لە ئەستۆ بگرن. پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکە لە مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم بەڕێوەچوو.