پەروەردە و فێرکردن
نۆژەنکردنەوەی هەردوو قوتابخانەی مام و مشتەنور لە قەزای راپەڕین پەرە بە تواناکانی قوتابیان و دەستگەیشتنیان بە خوێندن دەدات.
قەزای راپەڕین، هەرێمی کوردستان (حوزەیرانی 2023) - قوتابخانەکانی مام و مشتەنور، کە دەکەونە قەزای ڕاپەڕین، بە مەبەستی باشترکردنی ژینگەی فێربوونیان نۆژەنکرانەوە. ئەم نۆژەنکردنەوەیە لە لایەن دەزگای روانگە بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی ئینتەرسۆس و رێکخراوی رزگارکەری منداڵان (SCI)، و بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی ڕاپەڕین بۆ باشترکردنی دەستگەیشتنی قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە خوێندن و دروستکردنی کەشێکی پەروەردەیی هاوچەرخ ئەنجامدراو نۆژەنکردنەوەکە ماوەی سێ مانگی خایاند.
چاکسازییەکە کاری لەسەر نوێکردنەوەی ژینگەی فێربوون دەکرد لە نێو قوتابخانەکاندا. نوێکردنەوە سەرەکییەکان بریتی بوون لە نۆژەنکردنەوەی پۆلەکان، خزمەتگوزاییەکانی پاك و خاوێنی، جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی سەلامەتی، و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت. کاریگەری ئەم چاکسازییانە ژینگەیەکی سەلامەتتر و گشتگیرتریان دروستکردووە، کە تواناکانی قوتابیان بەهێزتر دەکات بۆ گەشەکردن و گەیشتن بە خەونەکانیان.
ئەم دەستپێشخەرییە وەك بەشێک لە پرۆگرامی درێژخایەنی بەهێزکردنی خۆراگری ئەنجامدرا، کە هەوڵی دابینکردنی پەروەردەیەکی بە کواڵیتی و گشتگیر و پشتگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی دەدات بۆ منداڵانی زیانلێکەوتەی قەیرانەکان، هەروەها رەخساندنی دەرفەتی فێربوون بۆ منداڵان و لاوانی ئاوارە و کۆمەڵگەی نێوخۆیی دانیشتووی ناوچە شارستانی و کامپەکانی سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان.
کۆمەڵێك چالاکی جۆراوجۆر وەك بەشێک لە پرۆگرامی درێژخایەنی بەهێزکردنی خۆراگری ئەنجامدرا بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئامانجەکانی پڕۆژەکە. ئەم چالاکییانە بریتی بوون لە دابینکردنی کەرەستەی فێربوون بۆ قوتابیان و قوتابخانەکان، پێشکەشکردنی ڕاهێنانی تواناسازی بۆ کۆمەڵەی دایك و باوك و مامۆستایان، کارمەندانی پەروەردە، مامۆستایانی قوتابخانە و رێکخراوە ناحکومییە نێوخۆییەکان. هەروەها کار لەسەر چاکسازی پۆلەکان، و دابینکردنی راهێنانەکانی فێربوونی زمان بۆ قوتابیان کرا، لەگەڵ دابینکردنی پشتگیری بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی یاسایی و هاوکاری دارایی بۆ خوێندن. لەگەل ئەوەشدا، کۆبوونەوەی پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی (PSS) پێشکەش بە قوتابیان کرا. بەگشتی 1546 قوتابی (758 کچ، 788 کوڕ) لەم چالاکییانە سوودمەند بوون.
بە تەواوبوونی پڕۆژەکە سیستەمی پەروەردە لە ئاستە جیاوازەکاندا بەهێزتر دەبێت و لە ئەنجامدا کاریگەری ئەرێنی بەردەوامی دەبێت. پڕۆژەکە بە هاوبەشی لە نێوان دەزگای روانگە، رێکخراوی رزگارکەری منداڵانی نێودەوڵەتی (SCI)، و رێکخراوی ئینتەرسۆس ئەنجام دەدرێت. قەزاکانی رانیە، قەڵادزێ، عەربەت، و سەیدسادق کراونەتە ئامانج، بە تایبەت پەنابەران و ئاوارەکانی ناوچەکە. پڕۆژەکە خزمەت بەو کەسانە دەگەیەنێت کە تەمەنیان لە نێوان 6 بۆ 14 ساڵە و ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 36 ساڵەوەیە.
نۆژەنکردنەوەی هەردوو قوتابخانەی مام و مشتەنور هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پێشخستنی پەروەردەی گشتگیر و پێشکەشکردنی پشتیوانییەکی گرنگ بۆ منداڵان و کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان. هەوڵە هاوبەشەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە دروستکردنی ئایندەیەکی گەش بۆ لاوانی پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی دیکە.