لاوان

دەزگای روانگە و رێکخراوی بیرۆکەی بێ سنوور کۆمەکی دارایی ١٢ بزنسی تازە پێگەیشتوو دەکەن

Friday, June 9, 2023 6:28 PM

هەولێر، هەرێمی کوردستان (۹ی حوزەیرانی ۲۰۲۳) – لە کۆتا رۆژی پێشانگای هایتێکس، دەزگای روانگە و رێکخراوی بیرۆکەی بێ سنوور کۆمەکی داراییان پێشکەشی ١٢ بزنسی تازە پێگەیشتوو کرد لە چوارچێوەی ئەستێرەکانی داهاتووی هایتێکس بە ئامانجی پەرەپێدانی داهێنان و کارسازی لە ناوچەکەدا.

 

پڕۆژەی بیرۆکەکەم وەبەربهێنەی دەزگای روانگە کە بە مەبەستی پەرەپێدانی بیرۆکەی بازرگانی و پشتگیریکردنی بزنسە تازەپێگەیشتووەکان دیزاین کراوە لە ڕێگەی پلاتفۆرمێکی ئۆنڵاین، وەک یەکێک لە دەستپێشخەرییە سەرەکییەکانی دەزگایەکە لە پێشانگای هایتێکس و بەشێك لە ئەستێرەکانی داهاتووی هایتێکس خۆی نیشاندا. ٣٢ بزنس شوێنی تایبەتیان پێدرا بۆ نیشاندانی کارەکانیان و دروستکردنی پەیوەندی  لەگەڵ کڕیار و وەبەرهێنەرە شیاوەکان لە ماوەی بۆنە ٤ ڕۆژیەکەدا. ئەم بزنسانە بە وریاییەوە هەڵبژێردران لە نێو کۆمەڵێك بزنسی دیکە کە ژمارەیان زیاتر لە ١٠٠ بزنس بوو، هەریەکەیان پێشبڕکێیان دەکرد بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتێک بۆ وەرگرتنی کۆمەك لە ڕۆژی چوارەمی پێشانگاکەدا. دوای ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵسەنگاندن، ئەم ۱۲ بزنسەی خوارەوە وەك براوەی  کۆمەکی دارایی راگەیاندران و کۆمەکەکەیان لە لایەن رێکخراوی بیرۆکەی بێ سنوور بۆ دابینکرا:

 

·       ئاسان ژیان: پڕۆژەکە کۆمەڵێک ئامێر لەخۆ دەگرێت، کە هەموویان لە کوردستان دروستکراون و مۆرکی کوردی تێدایە. لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە تاکەکان دەتوانن کۆنترۆڵی ئامێرەکانی ماڵەوە بکەن لە ڕێگەی سێ شێوازی جیاواز.

·       پسولە: ئامانجی پسولە دامەزراندنی پلاتفۆرمێکی دۆستانەی بەکارهێنەرە بۆ فرۆشتنی بلیت لە چەندین بۆنەی جۆراوجۆردا، لەوانە کۆنسێرت، بۆنەی وەرزشی، نمایشی شانۆ، فیلم، فیستیڤاڵ و کارنڤاڵ.

·       وانە: ئاپڵیکەیشنی وانە پلاتفۆرمێکی پێشەنگی فێربوونی ئۆنلاینە کە چەندین کۆرسی پەرەپێدانی کارامەییەکان دابین دەکات و تایبەتە بە بەهێزکردنی توانای کارمەندان لە بوارە پیشەییەکانیان.

·       فەلەق: فەلەق وەك بازاڕێکی (B2B) کار دەکات، پەیوەندی دروست دەکات لە نێوان دەرمانخانەکان، کۆگاکانی دەرمان و کۆمپانیاکانی دەرمانسازی.

·       هونەری  پەتی گۆنا: بریتییە لە دروست کردنی تابلۆ بە بزمار و پەت جگە لە دروست کردنی تابلۆ کە کاری دیزاینی پێ دەکرێت بە شێوازێکی نوێ و جیاواز

·       ئاپڵیکەیشنی قەڵات VR: ئەزموونی تاقیکردنەوەی VR بۆ بەکارهێنەران دابین دەکات کە ڕێگەیان پێدەدات ژینگەی ڤێرچواڵ بە شێوەیەکی ڕاستەقینە و کارلێک ببینن.

·       ئاگۆرا ڤیژن: گەنجینەیەکی گەورەی کتێبخانەی کوردییە

·       ئەپڵیکەیشنی GiftBag: دیارییەکی شایستەت بۆ هەڵدەبژێرێت و دەیگەیەنێت بە خۆشەویستەکانت.

·       مینا: مینا وەک پلاتفۆرمێکە کە گواستنەوەی کاڵا لە بازرگانەکانەوە بۆ بازاڕەکان ئاسان دەکات.

·       کورد جی پی تی: چاتبۆتێکی کوردییە، مۆدێلێکی گشتگیر و زانیاریدەری زیرەکی دەستکردە (AI).

·       کێڤیر ستۆدیۆ: کێڤیر ستۆدیۆ وەک دەستپێکێکی سەربەخۆی گەشەپێدانی یاری لە دهۆک تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی یارییە ڤیدیۆییە نێودەوڵەتییەکان.

·       : M.Therapy خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری ئاسان و کاریگەر لە ئینتەرنێت پێشکەش دەکات بەو کەسانەی کە ڕووبەڕووی کاتە سەختەکان دەبنەوە و ڕووبەڕووی سەختی ژیانی ڕۆژانە دەبنەوە.

 

پاڵپشتی دارایی ئەم بزنسانە لەلایەن بیرۆکەی بێ سنوور دابینکرا ، کە ڕێکخراوێکی تایبەتە بە بەهێزکردنی کارسازان و پەرەپێدانی گەشەی ئابووری لە سەرتاسەری جیهاندا. هەماهەنگی نێوان دەزگای روانگە و بیرۆکەی بێ سنوور پابەندبوونی هاوبەشیان نیشان دەدات بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژەی کارسازە داهێنەرە تازە پێگەیشتووەکان و پەرەپێدانی ئیکۆسیستەمی کارسازی لە عێراقدا.