نەریمان - پڕۆژەى کتێبى روانگە
نەریمان کاکەسور، تەمەنی 42 ساڵە و ئەندازیارە. یەکێكە لە براوەکانی پڕۆژەی کتێبی روانگە 2020. بە کورتە ڕۆمانێك بەشداری پێشبڕکێکەی کرد بە ناونیشانی (هێشتا کەسێك چاوەڕێمە). توانی ببێتە یەکێك لە چوار براوەکەی پڕۆژەی کتێبی روانگە بۆ ساڵی 2020، کە 43 کەس لەسەر ئاستی کوردستان بەشداریان تێدا کردبوو.
لەتەمەنێکی زووەوە ئاشنایەتی لەگەڵ کتێب و خوێندنەوەدا پەیداکردووە؛ بەر لە قۆناغی خوێندنی زانکۆوە خولیای نووسین بووە. ماوەیەك لە بواری رۆژنامەنووسی کاریکردووە. چەندین چیرۆکی نووسیون و بڵاوکردوونەتەوە. دواتر لە بواری نووسینی (ڕۆمان) هەوڵەکانی خستۆتە گەڕ.
یەکێك لە هاوڕێکانی، کە ئاگاداری نووسینەکانیەتی - هانی دەدات بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێی کتێبی روانگە؛ ئەمەش لەسەرەتای دەرکەوتنی پەتای کۆرۆنا و دەستپێکردنی قەدەغەی هاتووچۆ بوو لە هەرێمی کوردستان. ئیدی ئەو دەرفەتەی بە هەڵ زانیووە بە مەبەستی نووسینی کورتە رۆمانێك بە ناونیشانی (هێشتا کەسێك چاوەڕێمە) و بەشداری پێشبڕکێکەی کردووە. سەرەڕای ئەوەی لەو کاتەدا تێکڕای جیهان لە دڵەڕاوکێی بڵاوبوونەوەی ئەوە پاتایەدا بوون کەچی نووسەر، رۆمانێك دەنووسێت و تێیدا ئومێد دەگەڕێنێتەوە بۆ کەسێکی بێهیوا لە ژیان. وە ئەو دەرفەتەی دەزگای روانگەی بەهەڵ زانیوە بۆ دەرخستنی تواناکانی و چاپکردنی یەکەم کتێبی.
براوەبوون لە پڕۆژەی کتێبی روانگە و چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکە، هانی داوە بۆ برەودان بە بواری نووسین و هەوڵدان بۆ بە چاپگەیاندنی بەرهەمەکانی تری؛ ئەمەش دەروازەیەکی بەڕوودا کردۆتەوە بۆ ئاشنابوونی خوێنەران لەگەڵ نووسینەکانی.