سلوان فاضل - پڕۆژەى کتێبى روانگە

سەلوان فاضل تەمەنی ٢١ ساڵە و یەکێک بوو لە براوەکانی پڕۆژەی کتێبی روانگە بۆ ساڵی ٢٠١٩ کە بریتیی بوولە نوسینی کورتە چیرۆکی منداڵان و براوەکان لەسەر ئاستی کوردستان هەڵبژێردران. سەلوان توانی تیایدا سەرکەوتووبێت و  یەکێکبێت لەو شەش کەسەی کە کتێبیان بۆ چاپکرا، ئەمەش بووە یەکەم بەرهەمی چاپ کراوی.


سەلوان هەر لە منداڵییەوە حەزی بە خوێندنەوەی چیرۆک کردووە، دایکی بەردەوام کتێبی چیرۆکی بۆ کڕیوە لە بابەتی جیاجیا ئەویش بە خۆشحاڵیەوە دەیخوێندەوە. تەنانەت لە قۆناغی ناوەندی هەر لە خوێندنەوەی چیرۆکی منداڵان بەردەوام بووە. یەکێک لە ئاواتەکانی ئەوەبوو رۆژێک ببێتە خاوەن کتێبی خۆی وە بتوانێ وەک نوسەر چیرۆک بنوسێت. هەرچەندە متمانەی بەخۆی هەبوو بەڵام دەرفەتی بۆ نەڕەخسابوو.



پێشبڕکێی خەڵاتەکانی روانگە ئەو پێشبڕکێیە بوو کە سەلوان زۆر حەزی دەکرد بەژداربێ تیایدا، چونکە یەکێک لە بەشەکانی ئەم پێشبڕکێیە بریتیی بوو لە نوسینی کورتە چیرۆک. رۆژێک بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەم پێشبڕکێیە لە ئینتەرنێت دەگەڕا، بە ڕێکەوەت چاوی بە پڕۆژەی کتێبی روانگە کەوت، هەر لەو کاتەدا بڕیاردەدات بەشداری بکات لە پێشبڕکێیەکە. نزیکەی سێ مانگ خەریکی نوسینی چیرۆکەکە دەبێت. هەوڵدەدات هەموو مەرجەکان و تێبینیەکان بە تەواوی جێبەجێ بکات تاوەکو ئەگەری سەرکەوتنی زیاتر بێت.


سەرکەوتن لەم پێشبرکێیە هەنگاوێکی گەورە و گرنگ بوو بۆ ئەو و یارمەتیدەر بوو بۆی بچێتە قۆناغێکی تر، ئەم پێشبرکێیە ڕێگای بۆ کردەوە کە زیاتر بنوسێت و هەوڵبدات کتێبی تری لەم بوارە هەبێت، چاپی بکات وە بەشداری لە پێشبرکێی تر بکات. لە ئێستادا هەوڵدەدات چیرۆکی تر بنوسێت و چاپی بکات، هەروەها بەشداری بکات لە پێشبرکێی خەڵاتەکانی روانگە-بەشی کورتە چیرۆک.