هونەر - گوژمەى ڕەخساندنى هەلى کار لە هەرێمى کوردستانى عێراق

هونەر تەمەنى ٢٤ ساڵە و قەزاى خورکاڵى سەر بە پارێزگاى هەڵەبجە لە هەرێمى کوردستانى عێراقدا لەدایک بووە و گەورە بووە، لەو شوێنەدا کە کۆمەڵکوژییە قێزەوەنەکەى ساڵى ١٩٨٨تیایدا ڕوویدا. هونەر نۆبەرەى پێنج منداڵە، سێ خوشک و برایەکى هەیە. دایکى کابانى ماڵە و باوکى خاوەنى دوکانێکى بچوکى یەدەگى ئۆتۆمبێلە. لە ئێستادا وەکو ژمێریار لە کۆمپانیای  Star Alliance دەستبەکارە لەلایەن بەرنامەى بەخشین بۆ ڕەخساندنى هەلی کار لە هەرێمى کوردستانى عێراقدا لە چوارچێوەى بەرنامەىبەرەوپێشەوە کۆمەککراوە

 ​


 "هەمیشە هەستم بە نا ئاسوودەیى و شەرم کردووە داواى پارە لە باوکم بکەم. باوکم تەنها کەس بوو داهاتى هەبوو بۆ بەخێوکردنى خانەوادەکەمان." 

سەڕەڕاى سنوردارى تواناى داراییان، دایک و باوکیان پشتگیرى منداڵەکانیان کردووە لە خوێندندا. هونەر دەرچووى ساڵى ٢٠١٨ ى زانکۆى سەڵاحەددینە لە هەولێر.

هونەر گوتى:  "کاتێک لە قوتابخانە بووم، دۆخێکى سەختمان هەبوو، بەتایبەتى لەڕووى داراییەوە. هەندێکجار باوکم تەنها بایى خەرجى ڕۆژێک داهاتى هەبوو کە ٢٥٠٠٠ دینارى عێراقییە (٢١ دۆلار). ئەم بڕەش بەشى خێزانێکى حەت کەسى نەدەکرد."

 

هونەرپاش دەرچوونى لە زانکۆ بۆماوەى نزیکەى ساڵێک بێکاربوو. داواکارى بۆ چەندین کار پێشکەش کردبوو و هەوڵەکانى سەرکەوتوو نەبوون تاکو ١ ى ئادارى ٢٠٢٠ کە تیایدا لەلایەن Star Alliance ى گەشتوگوزارییەوە وەڵامى درایەوە. ماوەیەکى کورت دواى ئەوە، لە لقى هەولێرى کۆمپانیاکەدا وەک و ژمێریار دەستبەکار بوو. کۆمپانیاکە توانى خۆى و حوت کەسى تر بخاتە سەر کار، دواى ئەوەى بڕى ٤٦٦٠٠ دۆلارى ئەمریکى لەلایەن  بەرنامەى بەخشین بۆ ڕەخساندنى هەلی کار لە هەرێمى کوردستانى عێراقدا  وەک کۆمەک پێبەخشرا. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن سندوقى متمانەى هەرێمى سەر بە یەکێتى ئەوروپا (مەداد) ەوە و لە چوارچێوەى بەرنامەى بەرەوپێشەوە دا کۆمەک کراوە و لەلایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و بە هاوبەشى لەگەڵ پارێزگاى هەولێر و ڕێکخراوى ڕوانگە دا جێبەجێ کراوە.

 

کارکردن لە هەولێر ئاسان نەبوو بۆ هونەر و خانەوادەکەى لەکاتێکدا پەیوەندییەکى پتەویان لەگەڵیەکدا هەیە و گرینگى بەیەکترى دەدەن، بەڵام "شایەنیەتى." ئێستا داهاتێکى مانگانەى جێگیری هەیە بە بڕى ١٠٠٠ دۆلارى ئەمریکى. "کارەکەى خۆمم زۆر خۆشدەوێت چونکە دەرفەتى پەرەسەندنى تواناکان و دروستکردنى پەیوەندیم پێدەبەخشێت. هەموو شتێک لەبارەى کارەکەمەوە خۆشە و ئەزموونیکى نوێم فێر دەکات." بەڕێوەبەرایەتى کۆمپانیاکەش بەکارەکانى هونەر دڵخۆشن. "کەسێکى دڵسۆزە و بە جدى کار دەکات."

 

هەروەها هونەر باسى لەوەش کرد کە خوشکیکى لە ئێستادا قوتابی زانکۆیە. "ئاسایشى کار لەپێشینەى کارە بۆ من لەم ساتەدا. دەتوانم هەر کارێک بکەم بۆ ئەوەى خانەوادەکەم بەخێو بکەم و داهاتوویەک بۆخۆم بنیات بنێم. بەڵام دەستکەوتنى کار لەچوارچێوەى ئەم بەرنامەیەدا دەرفەتێک بوو ژیانمى گۆڕى، لەڕووى دارایی و ئابوورییەوە، بۆ خۆم و بۆ تەواوى خانەوادەکەم."

 

پلانى بەخششى ڕەخساندنى هەلی کار لە هەرێمى کوردستانى عێراقدالە کۆتایى ٢٠١٩ دا دەستیپێکرد. لە مانکى حوزەیرانى ساڵى ٢٠٢٠ دا ٥٦ کۆمپانیا و پڕۆژەى تایبەت پشتیوانى کران تاکو بتوانن ٦٦١ کەس لە دانیشتوانى پارێزگاى هەولێر و دهۆک و سلێمانى و هەڵەبجە دابمەزرێنن.لە نێو دامەزراوە تازەکان ٩٢ ئاوارەى سورى و ٤٧٢ کەس لە کۆمەڵگاى لەخۆگر و ٩٧ کەس لە ئاوارەى نێوخۆیى هەن و لەوانە ٢٢١ کەیسان ئافرەتن.