ژینگە
دەزگای روانگە رۆژی جیهانی ژینگە بەرز رادەگرێت
پرسی ژینگە پرسێکی نێودەوڵەتی و گشتگیرە و تەواوی جیهان سەرقاڵی تێکچوونی ژینگەی گۆی زەوین و لە هەموو لایەکەوە هەوڵ چڕ کراوەتەوە بۆ رێگری کردن لە پیسبوونی زێتری ژینگە. دەزگای روانگە لە سەرەتای دامەزراندییەوە بە چالاکی و پڕۆژەی هەمەجۆرەوە لە خەمی پاکراگرتنی ژینگەی جیهان و کوردستانە.
بەرواری ٥ی حوزەیرانی ٢٠١٨ دەزگای روانگە بەهاوبەشی گروپی MRF هەڵمەتێکی سەرتانسەری ئەنجامدا لە کوردستان بۆ بەرز راگرتنی رۆژی جیهانی ژینگە لە پێناو هۆشیارکردنەوە وهاندانی هاوڵاتیان بۆ پاراستنی ژینگە و دووبارە بەکارهێنانەوەی کەلوپەل و پاشماوەبەکارهاتووەکان بەتایبەتی پلاستیک.
بەهۆی نیگەرانی سەبارەت بە زیادبوونی پاشماوەی پلاستیک لە جیهان، بابەتی ئەمساڵی رۆژی جیهانی ژینگە ''نەهێشتنی پاشماوەی پلاستیک'' بوو تاوەکو هانی گشت وڵاتان و ژینگە دۆستان بدەن بۆ هەوڵدان لە پێناو کەمکردنەوەی پاشماوەی پلاستیک، بەشی یەکەمی هەڵمەتەکە بریتیبوو لە نمایشکردنی شانۆی سەرشەقام لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، زاخۆ، ئاکرێ، رانیە، گەرمیان و سۆران.
دوای نمایشەکە، نمایشکاران، گروپی سەرپەرشتیکاران، خۆبەخشان و بەشداربوان دەستیانکرد بە بەشی دووەمی چالاکیەکان کە بریتیبوو لە هەڵمەتێکی پاککردنەوەی شەقام و شوێنەگشتییەکان. هەروەها، لە رێگەی نامیلکە و بلاوکراوەی تایبەت بە مەترسی و هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە هاوڵاتییان ئاگادارکرانەوە لەمەترسییەکانی شیبوونەوەی پلاستیک و پاشماوەکان کە رەنگە بە سەدان ساڵی پێویست بووبێت.
زیرەک ژێدار، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای وانگە گوتی '' ژینگه , كه پرسێكی جیهانیه , بهشێكی گرنگی کار و پڕۆژەکانی دەزگای روانگهیه. ئێمە هەردەم له رێگای بهرنامهی بهرز كردنهوهی ئاستی هۆشیاری و بڵاوكردنهوهی خزمهتگوزاری گشتی لە ئەنجامدانی پرۆژەی ژینگەیی بەشدارین. چالاکییەکان لەناوجەرگەی شارەکان ئەنجامدران لە سەرانسەری کوردستان لە پێناو هۆشیارکردنەوەی هاونیشتیمانیان و هاندانیان بۆ پاراستنی ژینگە چونکە باوەڕمان بەوە هەیە کە ژینگەکەمان ماڵەکەمانە. ئەمساڵ، بە هاوبەشی گروپی MRF چالاکییەکانمان لەئاستێکی گەورەتر ئەنجامدان''.
ژینگە یەکێکە لەو چوار بوارەی دەزگای روانگە کاری لەسەردەکات و چەندین پڕۆگرام و هەڵمەتی ئەنجامداوە بە مەبەستی هۆشیارکردنەوە وپاککردنەوەی ژینگە. چالاکییەکانی رۆژی جیهانی ژینگە درێژە پێدەری هەڵمەتێک بوون کەلە مانگی نیسان لەسەرانسەری کوردستان دەستی پێکرد لە رێگەی سەردانکردنی تیمێکی هونەری و ژینگەیی بۆ هاندانی قوتابیان بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی بەرهەمەکان لەرێگەی چەند چالاکی و نمایشێکی هونەری.
رێبین چالاک، رێکخەری پڕۆژە لە گروپی MRF گوتی '' بەشێک لەکارەکانمان بریتییە ریسایکڵینگ بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ئەو مادانەی کەفڕێدەدرێن بۆیە ویستمان پڕۆژەیەکی لەوجۆرە ئەنجامبدەین تاوەکو هۆشیاری بە تاك وکۆمەڵگە بگەیەنین بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان. هیوادام ئێمەش خاکی خۆمان خۆشبوێت و ئەو خاکەی تێیدا دەژین، بیپارێزین بۆ ئەوەی ژینگەیەکی تەندروستمان هەبێت''.
موحەمەدی عەباس، قوتابی زانکۆ، یەکێک بوو لەو لاوانەی لەرۆژی جیهانی ژینگە بەشداربوو لە هەڵمەتی پاککردنەوە. ئەو گوتی '' باوەڕم وایە کە ئێستا گەیشتوینەتە خاڵێک کە هەموومان دەزانین پیسبوونی ژینگە و زیادبوونی پاشماوەی پلاستیک چەند ترسناکە، بەڵام بەگوێرەی پێویست کاری بۆ ناکەین. ئيمە دەتوانین لەرێگەی چەند شتێکی زۆر سادە و ئاسانەوە جیاوازی دروست بکەین بۆ نمونە دەتوانین لەجیاتی بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆری بوتڵی نایلۆن، بوتڵێکی تایبەتی ئاو بەکاربهێنین کە دەتوانین لەگەڵ خۆمان هەڵیگرین. پێویستە بەیەکەوە کاربکەین لەپێناو پاراستنی ژینگە''.
٥ی حوزەیران لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژی جیهانی ژینگەی دیاریکراوە و ساڵانە لە سەرانسەری جیهان ئەم رۆژە بەرزرادەگیرێت و لەرێگەی چەنین چالاکی و هەڵمەت دانیشتوانی زەوی هاندەدرێن بۆ پاراستنی ژینگە.