لاوان

دەزگای روانگە لە چوارچێوەی پرۆژەی "تەنیا نیت" سەردانی خانەی نەوجەوانانی سلێمانی کرد

Tuesday, February 4, 2025 4:51 PM

سلێمانی، هەرێمی کوردستان (٤ی شوباتی ٢٠٢٥) - لە درێژەی کار و چالاکییە مرۆییەکانیدا، دەزگای روانگە لە چوارچێوەی پرۆژەی "تەنیا نیت" سەردانێکی مەیدانی بۆ خانەی نەوجەوانانی سلێمانی ئەنجامدا. لە میانەی سەردانەکەدا، کۆمەڵێک هاوکاری و پێداویستی پێشکەش بە خانەکە کرا.

شاندی دەزگای روانگە لەلایەن بەڕێوەبەر و ستافی خانەکەوە پێشوازییان لێکرا و لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا گفتوگۆی چڕوپڕیان لەسەر پێداویستییەکان و میکانیزمەکانی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی خانەکە ئەنجامدا. هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هاوکارییەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی تواناکانی نەوجەوانان کردەوە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە (حسن شێخ علاءالدین) رایگەیاند: "ئەم سەردانە بەشێکە لە ستراتیژی درێژخایەنی دەزگای روانگە بۆ پشتگیریکردن و یارمەتیدانی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە. ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی ئەم خانەیە و هەموو ئەو دامەزراوانەی کە خزمەت بە نەوجەوانان دەکەن."

هاوکاری و پێداویستییەکان کە لەلایەن دەزگای روانگەوە پێشکەش بە خانەکە کرا بریتی بوون لە
١-راخەر

٢-بۆیاخکردنی خانەی نەوجەوانان

٣-تەنکی ئاوی گەورە ١٠٠٠ لیتر

٤-گاز ٧٠٠٠ لیتر

٥-تەنکی نەوتی گەورە ١٠٠٠ لیتر

٦- تاخمی دانیشتن

٧- مۆبیلیات بۆ ژووری چالاکی

٨-گەرمکەرەوە

٩-مۆبیلیاتی ژوورەکانی نووستن

١٠- تەلەفزیۆن

 

شایەنی باسە، پرۆژەی "تەنیا نیت" یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی دەزگای روانگە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستا توانیویەتی کاریگەریەکی بەرچاو درووست بکات.