ژینگە

دەزگای روانگە 5,000 دار لە زانکۆی زاخۆ دەچێنێت

Sunday, November 13, 2022 3:26 PM

زاخۆ، کوردستان (13ی تشرینی دووەمی 2022) - دەزگای روانگە دووبارە چالاکییەکی دیکەی وەک بەشێک لە پرۆژەی 'دارستانەکانی روانگە' ڕاگەیاند، ئەم جارەیان لە زانکۆی زاخۆ لە شاری زاخۆ. چالاکییەکە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەش و هەواو دابینکردنی کاری کورتخایەن بۆ دانیشتوان ئەنجامدەدرێت.

دەزگای روانگە چالاکییەکی دیکەی دەستپێکرد بۆ چاندنی 5,000 نەمامی هەمیشە سەوزی دیکە لەناو زانکۆی زاخۆ لە چوارچێوەی پڕۆژەی "دارستانەکانی روانگە"، بە ئامانجی دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ خوێندکاران وەک وەڵامدانەوەیەك بۆ کەمی باران و زیادبوونی ناوچە چۆڵنشینەکان و کەمی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە دۆخی ئێستادا.

 

پڕۆژەکە بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دەستی پێکرد کە تێیدا، عبدالسلام مەدەنی (بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە) و دکتۆرناظم ( سەرۆکی زانکۆی زاخۆ) لێدوانیان دەربارەی پڕۆژەکە و سوودەکانی پێشکەش کرد. دوای ئەوەش، بەشێک لەدارەکان لە لایەن میوانەکانەوە وەک دەستپێکێك بۆ پڕۆژەکە چێندران.

                                                                                                        

شایەنی باسە، دەزگای روانگە تا ئێستا 12 هەزار نەمامی چاندووە لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیە و لە چەند شوێنی جیاواز لەناو پارێزگای موسڵ لەوانە (دارستانەکانی موسڵ، زانکۆی موسڵ، و زانکۆی تەکنیکی باکوور).

پرۆژەی دارستانەکانی روانگە پرۆژەیەکی رووبەرووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوایە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت. گۆڕانی کەش و هەوا لە ئەنجامی زیادبوونی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا روودەدات کە بەهۆی سووتەمەنی و ئاگرکەوتنەوە دروست دەبێت. دەزگای روانگە لەماوەی چەند ساڵی داهاتوو ئەم پڕۆژەیە لە چەندین ناوچەی جیاوازی وڵاتەکە جێبەجێ دەکات. ئامانجی پڕۆژەکە فێرکردن و ئامادەکردنی کۆمەڵگەیە بۆ چاندنی داری گەورە لە دارستانە تێکچووەکان، هەروەها بە شێوەیەکی بەرچاو رۆڵ دەبینێت لە رێگریکردن لە رووبەرووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.