ژینگە

راگەیاندنی پڕۆژەی 'ملیۆنێك داربەڕوو'

Sunday, December 5, 2021 9:23 PM

لە رێکەوتی ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، دەزگای روانگە بە هاوبەشی رێکخراوی هەسار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پڕۆژەی 'ملیۆنێك داربەڕووی' راگەیاند بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، چەندین لایەنی حکومی، کونسوڵخانەکان، رێکخراوەکان، شارەزایانی کشتوکاڵ، و خۆبەخشان. و لە هەمان رۆژدا ٨,٥٠٠ بەڕوو بە شێوازی دەنک و نەمام چاندرا و وردەکاری تایبەت بە پڕۆژەکە روون کرایەوە.


پڕۆژەکە لە شەقامی ١٢٠ مەتری هەولێر ئەنجام دەدرێت بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان و هاندانی کولتووری دارچاندن لەناو کۆمەڵگەی کوردستان و دووبارە سەوزکردنەوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان. بیرۆکەکە تەنها چاندنی بەڕوو نییە، بەڵکو زیندووکردنەوەی ئەو ئیکۆسیستەمەیە کە لەپاڵ داربەڕوودا بوونی هەیە، داری بەڕوو ماڵی چەندەها زیندەوەر و باڵندەیە. جگە لەوەی کە تەبایە لەگەڵ ژینگەی هەرێمی کوردستان ، دارێکی خۆڕاگر و دێمی و بەهێزە. بەرگەی گەرمای هاوین دەگرێت.

 

لە کاتی کۆنگرەکەدا، عبدالسلام مەدەنی (بەرێوەبەری گشتی دەزگای روانگە) گوتی "کێشەی ژینگەیی چەندین کێشەی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت وەکو کێشەی تەندروستی، کەمی هەلی کار، تەنانەت ئەمنی قەومیش تێکدەچێت بە تایبەتی کە باس لە وشکە ساڵی و کەمی ئاو دەکەین. یەکێك لە خاڵە ئەرێنییەکانی پڕۆژەکە کەم کردنەوەی رادەی بە بیابان بوون، زیادکردنی رووبەری سەوز، و پاککردنەوەی هەوا، و پێدانی سیمایەکی جوانە بە شارەکە".

 

هاوکار علی (سەرۆك و دامەزرێنەری رێکخراوی هەسار)  گوتی "وەك رێکخراوی هەسار بەر لە دەستپێکردنی پڕۆژەکە بیرمان لە میکانیزمێکی گونجاو دەکردەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکەیە، دوای بەدواداچوونێکی زۆر بۆمان دەرکەوت کە باشترین چارەسەر بۆ ئەم مەبەستە بریتییە لە پەرەپێدانی دارستای بەڕوو"

 

هەروەها بەڕێز ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی پێدا "ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین بەم پرۆژەیە و بەو پەیامەی کە پڕۆژەکە دەیگەیەنێتە جێ، ئەو کێشانەی ئەم پڕۆژەیە چارەسەری دەکات وەکو گۆرانی کەشوهەوا کێشەیەکی گەورەیە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە، هەروەها بڵاوکردنەوەی پەیامی چاندن لە بڕی تێکدان لەناو لاواندا پەیامێکی دیکەی گرنگی پڕۆژەکەیە".

 

پڕۆژەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە لایەن رێکخراوی هەسار دەستیپێکرا بە چاندنی ٢٠٠٠ دار وەك تاقیکردنەوە و لە ساڵی ٢٠٢١، هەشتا هەزار داری دیکە چاندرا. پلانی پڕۆژەکە چاندنی ملیۆنێك داربەڕووە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤. بەشێک لە پڕۆسەکە لەرێگەی چاندنی نەمام ئانجامدەدرێت لە ژێر خانووی پلاستیکی کە بۆ ماوەی ساڵێک سەرپەرشتی و ئاودانیان بۆ دەکرێت تاکو دەبنە نەمامێکی گەشەکردوو و بەهێز پاش تێپەڕبوونی ساڵەکە ژێر خاکدا دەچێنرێن و پڕۆسەی ئاودان و سەرپەرشتی کردنیان بەردەوام دەبێت تاوەکو دەبنە دارێکی خۆڕاگر. شێوازی دووەم بریتییە لە چاندنی راستەوخۆی دەنکی بەڕوو لە ژێر خاک کە دوای چاندن سیستەمی ئاودان بۆ دەنکی بەڕووەکان دادەنرێت و سەرپەرشتی دەکرێن تاکو گەشەدەکەن. لە کاتی چاندنی دەنکەکاندا بارودۆخێکی گونجاویان بۆ دەڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی بەرگەی هەموو وەرزەکان بگرن.

 

پڕۆژەی ملیۆنێك داربەڕوو هەوڵێكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادکردنی دارستانی سروشتی و ناوشار لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکە لە لایەن رێکخراوی هەسار و دەزگای روانگە ئەنجامدردرێت.

 لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەناوچوونی دارستانەکان لە ئاستێکی زۆر مەترسیدار دایە بەهۆی چەندین هۆکاری جۆراوجۆرەوە، بۆیە زیادکردنەوە و بنیاتنانەوەی دارستانەکان پێویستییەکی ناوچەکەمانە، جگە لەوەش، چاندنی ژمارەیەکی زۆری داری خۆماڵی بە شێوازێکی دروست بە یەکێك لە هەوڵە سەرکەوتووەکان دادەندرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.