لاوان

پڕۆژەی 'دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش ٢٠٢١' راگەیاندرا

Monday, July 12, 2021 9:13 PM

لە رێکەوتی ١٢ی تەمموزی ٢٠٢١، دەزگای روانگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پرۆژەی 'دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش'ی بۆ ساڵی چوارەم راگەیاند، گروپە خۆبەخشییەکان دەتوانن ئێستا پێشنیاری پڕۆژەکانیان لە چوار بواردا پێشکەش بکەن.

 

کاری خۆبەخشیی بەگشتی بە یەکێک لە چالاکییە خۆنەویستییەکان دادەندرێت کە تێیدا کەسێک یان گروپێک بەبێ بەرژەوەندیی کەسیی و ماددیی خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک و کۆمەڵگە دەکات.
 لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی کات خۆبەخشان پێویستیان بە پشگیری کردن هەیە بەتایبەت لە ڕووی داراییەوە(بەبێ مووچە)، بۆ دابینکردنی خەرجی پێداویستی و کەلوپەل و ئامێر تاکو پڕۆژەکانیان پێ ئەنجام بدەن.
 هەر لەبەر ئەوە، دەزگای روانگە پڕۆژەی 'دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش' رادەگەیەنێت، کە هانی کچان و کوڕانی گەنج دەدات بۆ پێشکەشکردنی پێشنیاری پڕۆژە و بەشداریکردن لە پێشبڕکێیەک کە تێیدا پشتگیری دارایی دەکرێن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان، بەمەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بە کۆمەڵگە.


کات  و ڕێکەوتەکان

  • پێشکەشکردنی دەستپێشخەرییەکان لە ١٢/٧/٢٠٢١ تاکو ٣١/٨/٢٠٢١ (ماوەی ٥١ ڕۆژ)
  • پرۆسەی هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردن لە ١/٩/٢٠٢١ تاکو ١٥/٩/٢٠٢١
  • ئامادەکاری بۆ دەستکردن بە جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکان لە ١٦/٩/٢٠٢١ تاکو ٣٠/٩/٢٠٢١
  • جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکان لەلایەن گروپە خۆبەخشییەکانەوە لە ١/١٠/٢٠٢١ تاکو ٢٥/١١/٢٠٢١ (ماوەی ٥٦ ڕۆژ)
  • رێوڕەسمی کۆتایی نمایشکردنی پڕۆژەکان و دەستکەوتەکانیان لە سەرەتای مانگی ١٢ی ٢٠٢١ ئەنجام دەدرێت.

 

مەرجە گشتییەکان

  • پڕۆژەکە دەبێت لەسەر بنەمای کاری خۆبەخشیی بێت و بەلایەنی کەمەوە سوود بە ١٠٠ کەس لەناو کۆمەڵگە بگەیەنێت.
  • گەنجان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک، نەینەوا دەتوانن دەستپێشخەرییەکانیان پێشکەش بکەن لە ڕێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمی پێشنیاری پڕۆژە.
  • هەر گروپێکی خۆبەش بەلایەنی کەمەوە دەبێت لە پێنج ئەندام پێکهاتبێت (تەمەنیان لەنێوان ١٨-٣٥ ساڵ بێت).
  • گروپە خۆبەشییەکان نابێ نوێنەرایەتی هیچ ڕێکخراوێکی ناحکومی یان هەر دامەزراوەک بکەن، بەڵکو دەبێ گروپەکە لە ئەندامانی کۆمەڵگە پێکبهێندرێت.
  • پڕۆژە پێشنیازکراوەکە نابێت لە هیچ رێکخراوێکی ناحکومی یان هەر دامەزراوەک  پشتگیری دارایی کرابێت.
  • ئەو گروپانەی کە لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ پێکهاتوون زیاتر پەسەند دەکرێن.
  • ئەو گروپانەی کە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیان تێدایە زیاتر پەسەند دەکرێن.
  • کۆی گشتیی، دوازدە دەستپێشخەریی پەسەند و پاڵپشتی دارایی دەکرێن.
  • تێچووی گشتی هەر پڕۆژەیەک نابێت لە ٤،٢٥٠،٠٠٠ (چوار ملیۆن و دوو سەد و پەنجا هەزار) دینار زیاتر بێت.
  • بودجەی پڕۆژەکە نابێت هیچ جۆرە مووچە و پاداشتێکی ماددیی بۆ خۆبەخشەکان تێدابێت، لەبەئەوەی دەستپێشخەرییەکە لەسەر بنەمای کاری خۆبەخشییە.
  • پێشنیاری پڕۆژە دەبێت نووسراوی زانیاریی و وردەکاریی دارایی (زانیاریی بودجەی داڕێژراو) و وێنە و یان هەر دۆکیومێنتی تر وەکو نەخشە و دیزاین و ڕەزامەندییەکان کە پێویست بوو لەگەڵی دابێت.
  • لیژنەیەکی تایبەت پێداچوونەوە بە دەستپێشخەرییە پێشکەشکراوەکان دەکەن و دوازدە باشترین دەستپێشخەریی هەڵدەبژێرن و دواتر پاڵپشتی دارایی دەکرێن.
  • گروپه خۆبەخشییە براوەكانی ساڵەكانی پێشتر ناتوانن دووبارە بەشداری بكەنەوە

بۆ  زانیاری زیاتر سەردانی پڕۆژەی دەسپێشخەری لاوانی خۆبەخش بکەن