لاوان

لە 'رۆژی جیهانی خۆبەخشی' دەزگای روانگە ١٢ گروپی خۆبەخشی خەڵات دەکات

Sunday, December 6, 2020 9:46 AM

لە بەرواری ٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠، دەزگای  روانگە رێورەسمی کۆتایی پرۆژەی "دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش"ی ئەنجامدا و تێیدا بڕوانامەی رێزلێنان بۆ ١٢ گروپی خۆبەخشی پێشکەش کرا.

رێورەسمەکە لە هۆتێل هەولێری نێودەوڵەتی و بە ئامادەبوونی گروپە خۆبەخشییەکان، لێژنەی هەڵسەنگاندن، و نوێنەری کۆمپانیا سپۆنسەرەکانی پرۆژەکە ئەنجامدرا.

 

عبدالسلام مدني، به‌رێوه‌به‌رى گشتى ده‌زگاى روانگه گوتی "لاوان مافی خۆیانە کە بکەونە دۆخێکی دەروونی قورس لەم کاتەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەشبینی و راکردن لە راستییەکان دادی ئێوە نادات، دەبێت بەشداربن و بیرۆکەکانتان بەکاربهێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دەبێت هەموومان بەشداربین بۆ ئەوەی ببینە چیرۆکێکی سەرکەوتن "

 

پڕۆژەکان لەلایەن لێژنەیەکی تایبەت کە لە  پێنج ئەندام پێکهاتبوون هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجامدرا و پڕۆژە براوەکانیان دەستنیشانکرد. لیژنەی هەڵسەنگاندن بریتیبوون لە:

  • دیلان بۆتان – بەرپرسی  سەرچاوە مرۆییەکان لە کۆمپانیای ئێم سەلێکت
  • دڵشاد قادر – چالاکوانی مەدەنی
  • عبدالباسط احمد وهاب - بەرپرسی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن لە رێکخراوی ئینتەرنیوز
  • ستاڤ ئاسۆ - بەرپرسی سەرچاوە مرۆییەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی
  • نسار فەرهاد – کارمەندی یوئێن ڤۆلەنتیر

 

کۆی ژمارەی پرۆژە پێشکەشکراوەکان لە ساڵی ٢٠٢٠ بریتیبوون لە ١٦٦ پرۆژە لە هەر شەش پارێزگاکە (٣٨ پڕۆژە لە پارێزگای دهۆك، ٣٥ پڕۆژە لە پارێزگای هەولێر، ٣٢ پڕۆژە لە پارێزگای نەینەوا، ٢٩ پڕۆژە لە پارێزگای سلێمانی، ١٢ پڕۆژە لە پارێزگای هەڵەبجە، ٧ پڕۆژە لە پارێزگای کەرکووك ، و  ١٢پڕۆژە لە پارێزگاکانی دیکە).

, دوانزه‌ پرۆژه‌ هه‌ڵبژێردران و پشتگیری داراییان پێشکەش کرا (٢ پڕۆژە لە هەڵەبجە، ٢ پرۆژە لە دهۆک، ٣ پڕۆژە لە هەولێر، ٢ پڕۆژە لە سلێمانی، ٢ پڕۆژە لە کەرکووک و ١ پڕۆژە لە نەینەوا).

بە کۆی گشتی ١٢٢ خۆبەخش بەشداربوو (٣٦ کچ  - ٨٦ کوڕ). هەروەها ٦،٣٢٣ کەس لە پڕۆژەکان سوودمەندبوون.

كۆى گشتى بوودجه‌ى ١٢ پرۆژه‌كە (٢٩.٢٥٥.٥٠٠)  ديناری عێراقیە.

 

لە کاتی مەڕاسیمەکەدا بروانامەی ڕێزلێنان بەسەر گروپە خۆبەخشییەکان و لێژنەی دادوەری پڕۆژەکە پێشکەشکرا.

 

سپۆنسەرەکانی دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش بۆ ساڵی ٢٠٢٠ : کۆڕەك تیلیکۆم، ئێم ئار ئێف، ئەلحەیات پێپسی، هۆتێل هەولێری نێودەوڵەتی، هێمن گروپ، فاست لینك، بەرگەر کینگ، دارین گروپ، ئەندازیاری رەنگ، کۆمپانیای لوسید.

 

بە مەبەستی  هاندانی گەنجانی کچ و کوڕ بۆ پێشکەشکردنی پێشنیاری پڕۆژە و بەشداریکردن لە پێشبڕکێیەک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان، بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بە کۆمەڵگە. دەزگای روانگە ساڵانە پڕۆژەی 'دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش' رادەگەیەنێت بۆ دابینکردنی خەرجی پێداویستی و کەلوپەل و ئامێر تاکو لاوان پڕۆژەکانیان ئەنجام بدەن.