پەروەردە و فێرکردن

رێوڕەسمی کۆتایی پڕۆژەی پەیامی جگەرگۆشەکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو

Thursday, May 26, 2022 12:00 AM

 

هەولێر، کوردستان (25ی ئایاری 2022) - رێوڕەسمی کۆتایی پرۆژەی 'پەیامی جگەرگۆشەکان' لە ناو پەرلەمانی کوردستان - هەولێر بەڕێوەچوو

 

ئامانج لەپرۆژەکە هاندانی خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی بوو بۆ دەربڕینی بیروبۆچوونەکانیان بەپەرۆشەوە لەڕێگەی هونەرەوە بابەتی هونەری ئەمساڵ پەیوەست بوو بە خۆشەویستی نیشتیمان ، داوا لە خوێندکاران کرا کە لە ڕێگەی نیگارکێشانەوە هەستی خۆیان بۆ وڵاتەکەیان دەرببڕن.

خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی (پۆلی 1-6) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کێبڕکێیان کردووە، 2012 خوێندکار بەشدارییان لەو پێشبڕکێیەدا کردووە و دواتر لیژنەیەکی هونەری تایبەت 50 خوێندکاریان هەڵبژاردووە (34 کچ و 16 کور ) بۆ ساڵی (2021-2022)

و هونەرەکانیان لەسەر دیوارێکی دیاریکراو لە ناو بینای پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەڵدەواسرێت ناوەکانیان و ناوی قوتابخانەکەیان پیشان دەدرێت، هەروەها منداڵە براوەکان گەشتێکیان لەناو پەرلەماندا کرد و پاشان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەچوو و پەرلەمان و دەزگای روانگە و وەزارەتی پەروەردەوە وتاریان پێشکەشکرد.

لەکۆتایی مەراسیمەکەشدا بڕوانامەی ڕێزلێنان پێشکەش بەخوێندکارانی براوەو قوتابخانەکانیان کرا.

 

لیژنەی هەڵسەنگاندن پێکهاتبوو لە بەڕێز فوئاد ئەحمەد (بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان) و بەرێز رەوەند جەعفەر (مامۆستا لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان) و خاتوو ڕۆژان عومەر مەولود (مامۆستای هونەر).

 

'پەیامی جگەرگۆشەکان' پرۆژەیەکی ساڵانەی دەزگای روانگەیە کە پێشبڕکێیەکی شێوەکاری لە نێوان خوێندکارانی سەرەتاییدا دروست دەکات بۆ دەربڕینی بیرۆکە و پەیامەکانیان بە وێنەکێشانی تابلۆ لەسەر بابەتێکی دیاریکراو بۆ ساڵی (2021-2022)، بابەتی پڕۆژەکە لەسەر " خۆشەویستی نیشتیمان" بوو.