پەروەردە و فێرکردن

رێورەسمی دەرچوون بۆ بەشداربووانی پڕۆگرامی 'وی کۆد' ئەنجامدرا

Wednesday, March 16, 2022 7:42 AM

هەولێر، کوردستان (١٥ی ئازاری٢٠٢٢)، دەزگای روانگە رێورەسمی دەرچوونی بۆ بەشداربووانی پڕۆژەی 'وی کۆد' ئەنجام دا کە تێیدا ١٠٥ لاوی تەمەن نێوان  ١٨ بۆ ٣٥ ساڵ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەشداربوون و لەرێوڕەسمەکەدا بڕوانامەی دەرچوون پێشکەشی بەشداربووان کرا.

ئامانجی ئەم راهێنانانە بەرەوپێشبردنی توانا تەکنیکی و کردارییەکانی لاوانە لە بواری پڕۆگرامسازیدا. پڕۆژەکە یارمەتی لاوان دەدات تاکو گه‌شه‌ به‌ لایه‌نی شارەزایی تەکنیکیی خۆیان بدەن و بتوانن پیشه‌ییانه‌ له‌ بواری پڕۆگرامسازی (گه‌شه‌پێدانی سۆفتوێر) كار بكه‌ن.

رێورەسمەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆمپانیای تەکنەلۆجییەکان بەڕێوەچوو بەئامانجی دروستکردنی پردێک لەنێوان کۆمپانیاکان و لاوانی بەشداربوو.

دواتر، بڕوانامەی دەرچوون پێشکەشی ئەو بەشداربووانە کرا کە بە سەرکەوتوویی راهێنانەکانیان ئەنجام داوە. کۆی گشتی ١٠٥ لاو (٦٧ کور و ٣٨ کچ) لە هەر چوار پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، و هەڵەبجەوە راهێنانەکانیان تەواوکردووە و زانیاری تەواویان لە بارەی دیزاینی UXUI )، بەرنامەی مۆبایل، (Front End پەیداکردووە.

شایانی باسە کە هەندێک لەو گەنجانە شارەزاییەکی تەواویان لەم بوارەدا بەدەست هێناوەو ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی کار بدۆزنەوە و لە ئێستادا بەشێکیان لە کۆمپانیاکان دامەزراون.

 

لەکۆتایی مەراسیمەکەدا پێشبڕکێیەکی کۆد نووسین بۆ هەڵسەنگاندی شارەزایی و خێرایی بەشداربووەکان لە بواری کۆدینگ ئەنجام درا. دوو براوەی یەکەمی پێشبڕکێکە خەڵات کران.

 

پڕۆژەی (وی كۆد) بریتییە لە ڕاهێنانێکی چڕ، کە بەشێوەی سەرهێڵ (ئۆنلاین) لەلایەن دەزگای روانگە  بۆ لاوانی تەمەن (١٨ بۆ ٣٥) ئه‌نجام ده‌درێت. و توانای لاوان لە بواری تەکنەلۆژیادا بەهێز دەکات و لەم رێگەیەوە هاوکاریان دەبێت تاکو بتوانن کاریان دەست بکەوێت.