کەسانی لێقەوماو
دەزگای روانگە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی پڕۆژەیەکی هاوبەش ئەنجامدەدەن
لە رێکەوتی ٢٠٢٢/٢/١٦ دەزگای روانگە رێککەوتننامەی هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی واژووکرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی (تەنیا نیت).
رێکەوتننامەکە لە لایەن بەڕێز یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و بەڕێز عبدالسلام مەدەنی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە واژووکراو.
پڕۆژەی (تەنیا نیت) یەکێکە لە دەستپێشخەرییەکانی دەزگای روانگە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ماوەی شەش مانگدا ئەنجام دەدرێت بەمەبەستی باشترکردنی سیستەمی بەرێوەبردنی خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر.
ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە دووبارە بونیادنانەوە و بەهێزکردنی منداڵەکانە لە رووی دەرونی و پەروەردەیی و ئاستی رۆشنبیری و دەرخستنی توانا شاراوەکانیان بۆ دڵنیابوون لە داهاتوویەکی رووناك و جێگیر بۆیان.
پرۆژەکە ماوەی شەش مانگ دەخایەنێت، ژمارەی سوودمەندبووان ٥٤ منداڵە (٣٦ کوڕ و ١٨ کچ). لەم پرۆژەیەدا ١٥ کارمەند دادەمەزرێن بۆ خانەکە و ئەپلیکەیشنی 'تەنیا نیت' کاری پێ دەکرێت کە ئاپلیکەیشنەکە لە لایەن دەزگای روانگە دامەزراوە و زانیاری تەواوی خانەکە و منداڵەکان دەپارێزێت، هەموو چالاکییە رۆژانە، هەفتانە، و مانگانەکان رێکدەخات و لە هەمان کاتدا بەڕێوەبردنی کەیسەکان لە رێگەی هەمان سیستەمەوە رێکدەخرێت و پەیڕەو و پڕۆگرامی پەروەردەیی و چاکسازی دەروونی دابیندەکات. کە تیایدا سیستەمی شیاندنەوەی پەروەردەیی و دەروونی بۆ منداڵەکان بەڕێوەدەبرێت، هەروەها ئەنجامدانی چەندین ڕاهێنان بۆ کارمەندانی خانەکان.