لاوان

پیشانگەی هەلی کار لە زانکۆی زاخۆ ئەنجامدرا

Monday, October 25, 2021 5:56 PM

لە رێکەوتی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ -  پیشانگەی هەلی کار لە زانکۆی زاخۆ بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای روانگە و بەشداری چەندین کۆمپانیا و رێکخراوی ناحکومی بەڕێوەچوو

پیشانگەکە بەئامانجی دروستکردنی دەرفەت بۆ خاوەن کار و کارخوازان و کۆکردنەوەیان لەیەک شوێندا ئانجامدرا و لەلایەن زانکۆی زاخۆ بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای روانگە و ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی بە بەشداری نزیکەی ٩٠ کۆمپانیای نێودەوڵەتی و نێوخۆیی و رێکخراوی ناحکومی و زیاتر لە ١٢٣ هەلی کار و ١٠٥ هەلی مەشقی کارکردن لە لایەن خاوەنکارەکانەوە دابین کراوە. هەروەها پیشانگەکە پردێکی دروست کرد بۆ بەیەکگشتنی خاوەن کار و کارخوازان بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ کۆببنەوە و گفتوگۆ بکەن.

 

پیشانگەکە بە وتارێکی دەستپێک لە لایەن د. نازم سولەیمان عبدالعزیز (سەرۆکی زانکۆی زاخۆ) دەستی پێکرد، لە درێژەی قسەکانیدا دکتۆر نازم گوتی: نامانەوێت زانکۆ ببێتە تەنها شوێنێکی تایبەت بە خوێندن ، دەبێت پاش دەرچوون پشتگیری خوێندکاران بکەین بۆ ئەوەی کاری گونجاو بۆ خۆیان بدۆزنەوە.

هەروەها پانێڵێکی گفتوگۆ وەکو بەشێك لە پیشاگەکە پێشکەش کرا بەبەشداری بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە بە ناونیشانی "گەنج - زانکۆ - کەرتی تایبەت" .

 

لە بەشێکی گفتوگۆکەدا، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە گوتی "زۆرێك لە کۆمپانیاکان و رێکخراوە ناحکومییەکان بەدوای کارمەندی شارەزادا دەگەڕێن بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە لاوان پەرە بە تواناکانیان بدەن بۆ ئەوەی ئەم جۆرە دەرفەتانە بقۆزنەوە، چەند جۆرە شارەزایی و کارامەییەك هەیە کە لە زانکۆ فێری لاوان ناکرێت و پەیوەندی بە خوێندنی زانکۆوە نییە بەڵکو پێویستە لاوان خۆیان کاری لەسەر بکەن بۆ ئەوەی بتوانن دەرفەتی کاری گونجاو بدۆزنەوە".

 

دەزگای روانگە بە بەردەوامی کار لەسەر دابینکردنی هەلی کار و گەشەدان بە تواناکانی لاوان دەکات لەرێگەی پرۆژەکانی وەکو پڕۆژەی روانگە فرص و چەندین پڕۆژەی دیکەی دابینکرنی راهێنانی جۆراوجۆر و پەرەدان بە تواناکانی لاوان.