لاوان

ئاستەنگەکانی رووبەرووی بزنسی تەکنەلۆجیا دەبنەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق

Tuesday, June 1, 2021 12:10 AM

لە رێکەوتی ٣١ی ئایاری ٢٠٢١ – پانێلێک لەبارەی ' ئاستەنگەکانی بەردەم بزنسی تەکنەلۆجیا لە هەرێمی کوردستان' بە هاوبەشی لە نێوان دەزگای روانگە و 51Labs ، بە پشتگیری کونسولی گشتی هۆڵەندا لە هەولێر بەڕێوە چوو وەکو بەشێك لە پڕۆژەی تۆمارکردنی بزنس و و رێکارەکانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق .

 

ئامانجەکانی پانێڵەکە گفتوگۆکردن بوو دەربارەی ئەو ئاستەنگانەی کە بەشێوەیەکی سەرەکی رووبەرووی کارسازانی بواری تەکنەلۆجیا و خاوەن بزنسە نوێیەکان دەبێتەوە لە ڕووی تۆمارکردن و ڕێنماییەوە و هەروەها داڕشتنی  شێواز و ڕێکاری سیستماتیک و ستانداردی نوێ بۆ بزنسی ئەلیکترۆنی بە شێوەیەك کە لەگەڵ چوارچێوەی ناوخۆییدا یەک بگرێتەوە.

 

بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە (عبدالسلام مەدەنی) لە وتەی دەستپێکدا گوتی: "زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ ئەم دەستپێشخەرییە دەبینم کە بە هەماهەنگی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت و کۆمەڵگەی مەدەنی پێکەوە ئەنجام دەدرێت، هەروەها بە هاوکاری نێوان کۆمەڵگە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکان بە ئامانجی پەرەدان بە بواری بازرگانی لە هەرێمی کوردستاندا. سوپاسی پشتگیری قونسوڵی هۆڵەندی دەکەین بۆ دابینکردنی پشتگیری دارایی پڕۆژەکە و Labs51 بۆ هاوکاری و هاوبەشی کردنی پڕۆژەکە" . 

 

پانێڵەکە لەژێر ناونیشانی 'ئاستەنگەکانی بەردەم بزنسی تەکنەلۆجیا لە هەرێمی کوردستان' و بە بەشداری (هیوا ئەفەندی - بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری – حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەزمی موسا عوسمان - بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و راهێنانی پیشەیی - حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئەحمەد سورچی – خاوەنی کۆمپانیا ، ڕێنێ ڤان ئیک - وەزارەتی کاروباری ئابوری - هۆڵەندا ، زانا مەحمود ئەحمەد - کارساز) .

 

تۆمارکردنی بزنس و و رێکارەکانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق پڕۆژەیەکی دروستکردنی گۆڕانکاری بوو لەبواری بزنسی نوێ لەهەرێمی کوردستانی عێراق دا، ئەم پڕۆژەیە بەدواداچوونە بۆ داوایەکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داڕشتنی شێوازو سیاسەتی باشتر کە لەگەڵ دونیای مۆدێرنی بزنسدا بگونجێت . پرۆژەکە لەلایەن حکومەتی هۆڵەنداوە پشتگیری دارایی دەکرێت و لەلایەن Five One Labs بە هاوبەشی دەزگای روانگە ئەنجام دەدرێت.

 

پڕۆژەکە بەسەر سێ قۆناغدا دابەشکراوە: قۆناغی یەکەم بریتی بوو لە دروستکردنی سێ گروپی جیاواز کارسازان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکانی (تۆمارکردنی بزنس، بزنسی ئەلیکترۆنی، کچانی کارساز). لە قۆناغی دووەم ئەم پانێڵە ئەنجامدرا بۆ تیشک خستنە سەر کێشەکانی بزنسی ئەلیکترۆنی بە بەشداریکردنی هەموو لایەنە پەیوەندی دارەکان . لە کۆتاییدا و دوای تەواو بوونی پانێڵەکە ڕەشنووسێك ئەمادە دەکرێت کە پێشنیاری سیاسەت و رێسای جێگرەوە بۆ رێساکانی ئێستا لەخۆ دەگرێت بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی بزنسی ئەلیکترۆنی، هەروەها پێشنیاری سیاسەت و رێسای نوێش لەخۆ دەگرێت کە سوودی بۆ تەواوی کەرتی بازرگانیی ئەلیکترۆنی دەبێت.