کەسانی لێقەوماو

دابینکردنی کۆمپیوتەر بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی

Tuesday, May 4, 2021 8:21 PM

لە رێکەوتی ٤ ی ئایاری ٢٠٢١ – دەزگای روانگە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرگەر کینگ چوار کۆمپیوتەری بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە دابین کرد وەک بەشێک لە پڕۆژەی کۆکردنەوەی کۆمەک کە بۆ منداڵانی نەخۆشی شێرپەنجە ئەنجامدرا .

 

بیرۆکەی کۆکردنەوەی کۆمەکەکە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ ، کاتێک بەرگەر کینگ بڕیاریدا بەهەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەك و هاوکاری تایبەت یادی ساڵ ڕۆژی کۆمپانیاکە بکاتەوە ، هەموو داهاتەکانی ئەم رۆژە بەخشرا بۆ دابینکردنی هاوکاری بۆ ئەو منداڵانەی کە نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە . بەرگەر کینگ بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای روانگە هەڵمەتەکەی لە رێکەوتی ١٩ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ ئەنجام دا .

 

ئاری علاءالدین رجب، بەڕێوەبەری پڕۆژە لە دەزگای روانگە گوتی "دوای کامپینی کۆکردنەوەی کۆمەكەکە ، تیمێکی دەزگای روانگە بەهەماهەنگی لەگەڵ تیمی بەرگەر کینگ سەردانی نەخۆشخانەی نانەکەلیان کرد بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن بۆ پێداویستییەکانی نەخۆشانەکە. بەهۆی نەبوونی کۆمپیوتەری کواڵیتی بەرز، نەدەتوانرا زانیاری نەخۆشەکان کە منداڵانی تووشبووی شێرپەنجەن، بە شێوەیەکی رێک و بە خێرایی تۆمار بکرێت. هەروەها ئەم پشتیوانییە یارمەتیدەرە بۆ ئاسانکردنی پرۆسەکە و زیاتر ڕێکخستنی داتای نەخۆشەکان".

 

بەڕێز کرمانج محەمەد عومەر ( بەڕێوەبەری کارگێڕی لە نەخۆشخانەی نانەکەلی) گوتی " وەک ئیدارەی نەخۆشخانەکە، ئەو جۆرە پرۆژانە پشتگیریمان دەکەن، و خزمەت بەو نەخۆشانە دەکەن کە رۆژانە سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن. هەروەها هانی بەخشەری زیاتر و رێکخراوەکانی دیکە دەدات کە بەردەوام پشتیوانیمان لێبکەن ، سوپاس بۆ بەرگەر کینگ و دەزگای روانگە".