لاوان

پیشانگەی هەلی کار بە شێوازی ئۆنڵاین دەستی پێکرد

Wednesday, November 4, 2020 11:56 AM

لە بەرواری ٣ی ١١ی ٢٠٢٠ دەزگای روانگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەستپێکردنی پیشانگەی نێودەوڵەتی کاری روانگە فرص ٢٠٢٠ی راگەیاند کە بە شێوازی ئۆنڵاین بەڕێوەدەچێت.

 

پیشانگەکە بۆ ساڵی پێنجەم ئەنجامدەدرێت بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەو بەربەستانەی لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای تازە (Covid-19) جیهان و کوردستانی گرتەوە، پیشانگەکە بە شێوازی ئۆنڵاین ئەنجام دەدرێت لە رێگەی پلاتفۆڕمێکی زیرەک کە لاوان لە رێگەیەوە دەتوانن سەردانی کۆمپانیاکان بکەن و هەلی کارەکان ببینن، هەروەها دەتوانن لە رێگەی هەمان پلاتفۆڕمەوە بینەری چەندین راهێنانی جۆراوجۆر و پانێڵ بن.

 

عبدالسلام مەدەنی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە  ' ئێمە هەوڵ دەدەین هەردەم دەستپێشخەربین بۆ بنیاتنانی کاریگەری ئەرێنی، (پیشانگەی هەلی کاری روانگە فرص)یش یەکێکە لەو دەستپێشخەرییانەی کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە شێوەیەکی ساڵانە ئەنجامی دەدەین. هەرچەندە ئەمساڵ لەو باوەڕەدا نەبووین کە بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە ئەنجامی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دروستبوو ئەم رێژەیەی هەلیکارمان هەبێت، بەڵام خۆشحاڵانە ئەمڕۆ بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیا و رێکخراوی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی پیشانگەکە ئەنجام دەدرێت'.

پیشانگەی نێودەوڵەتی کاری روانگە فرص بە شێوەی ئۆنڵاین و بۆ ماوەی سێ رۆژ لە ڕۆژانی ٣ و ٤ و ٥ی تشرینی دووەم، لە کاتژمێر ١٠ بەیانی تاکو ٦ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، ١١٠ رێکخراو و کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە کەرتی جۆراو و جۆر لە پیشانگەکەدا بەشدارن و زیاتر لە ٥٣٨٠ هەلی کاریان بڵاوکردووەتەوە. هەروەها بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ لاوان، زیاتر لە ٣٠٠ دەرفەتی مەشقی کار (Internship)لە لایەن کۆمپانیاکانەوە دەرەخسێنرێت.  

 

هەروەها جیا لە هەلیکار، لاوان دەتوانن سوود لە ٦ خولی راهێنانی جۆراوجۆر ببینن کە بە شێوازی ئۆنڵاین پێشکەش بە  سەردانیکەرانی پیشانگەکە دەکرێن لەسەر  بابەتەکانی کارامییەکانی بەکارخستن بەتایبەتی چۆنیەتی نووسینی سیڤی و تەکنیکەکانی چاوپێکەوتنی کار و هەڵسووکەوت لە کار. کۆڕبەندی روانگە وەک یەکێک لە چالاکیەکانی دیکەی پیشانگەکە ئەنجامدەدرێت، کە ٣ پانێل لە خۆ دەگرێتەوە و بە شێوازی ئۆنڵاین و ئۆفڵاین بەڕێوەدەچێت و راستەوخۆ لە ماڵپەڕە و کەناڵەکانی راگەیاندن پەخش دەکرێت.

 

ئارەزوومەندان دەتوانن ئێستا سەردانی ماڵپەری www.rfijf.com  بکەن بۆ سوودبینین لە هەلی کراە بڵاوکراوەکان و سوودبینین لە راهێنان و پانێلەکان کە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەست دەبێت.