لاوان
شاندێکی دەزگای روانگە سەردانی وەزارەتی لاوان و وەرزش دەکات
لە بەرواری ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، شاندێکی دەزگای روانگە سەردانی وەزیری لاوان و وەرزشی کرد لە پارێزگای بەغدا بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دەزگا و وەزارەتەکە.
شاندەکە لە ئۆفیسی وەزارەت لە بەغدا لە لایەن بەڕێز عەدنان درجال – وەزیری لاوان و وەرزش و بەڕێز مەحموود خەڵەف – بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی نێودەوڵەتی پێشوازییان لێکرا.
شاندی دەزگای روانگە بریتی بوو لە: نەوزاد عەبدولکەریم – بەڕێوەبەری پرۆگرامەکان لە دەزگای روانگە، ئامانج کاکەرەش – بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی.
لە کاتی کۆبونەوەکەدا، باس لە گرنگترین کار و چالاکییەکانی دەزگای روانگە کرا و تیشك خرایە سەر پێشانگەی نێودەوڵەتی کاری روانگە فرص ٢٠٢٠ کە لە بەرنامەدایە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ بە شێوەی ئۆنڵاین جێبەجێ بکرێت. پێشانگەکە بە بەشداری کردنی زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیا و رێکخراو ئەنجامدەدرێت. پێشانگەی هەلی کار پردێك دروست دەکات لە نێوان کارخوازان و خاوەن کار، هەروەها چەندین خولی راهێنان، پانێل، و دەرفەتی مەشقی کارکردن بۆ لاوان لە سەتانسەری عێراق دەرەخسێنێت.
لە بەرامبەردا، وەزیری لاوان و وەرزش بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە شاندەکە کرد و ئاماژەی پێدا کە بە بایەخەوە دەڕواننە کار و چالاکی ئەو رێکخراوانەی لە پێناو باشتر کردنی ژیانی گەنجان کار دەکەن. هەروەها ئامادەیی خۆیان پێشاندا بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزتر لە نێوان حکومەت و دەزگای روانگە و پشتگیری کردنی پرۆژە و چالاکییەکانی دەزگایەکە بۆ سوود گەیاندن بە لاوانی عێراق. لە لایەکی دیکەوە بەڵێنی دا کە بە پێی توانای پیشەیی خۆی پشتگیری بۆ پێشانگەی نێودەوڵەتی کاری روانگە فرص ٢٠٢٠ دەربخات.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا، بەڕێزیان سوپاسی شاندەکەیان کرد بۆ سەردانەکە و ئەو دەستپێشخەرییانەی لە پێناو پشتگیری کردنی لاوانی عێراق ئەنجامی دەدەن.