پەروەردە و فێرکردن

قۆناغی دووەمی پێشبڕکێی بیرکاری ئەنجامدرا

Tuesday, June 23, 2020 4:01 PM

لە بەرواری ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، دەزگای  روانگە قۆناغی دووەمی پێشبڕکێی بیرکاری لە نێوان ٦٠ قوتابی سەر بە ٦  بەڕێوەبەرایەتی پەروەدرەی لە سەرانسەری هەرێمی کورستان ئەنجامدا.

پێشبڕکێیەکە بە رەچاوکردنی تەواوی رێنماییە تەندروستییەکانی سەر بە وزارەتی تەندروستی بەڕێوەچوو، پێش چوونە ژوورەوەی قوتابیان بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، پاککەرەوەی دەستی کحولی، ماسك و دەمامك بۆ قوتابیان دابینکرا. هەروەها دووری پێویست لە نێوان قوتابیان رەچاوکرا لە کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە.

ئامانجی پڕۆژەکە هاندانی قوتابیانە بۆ گرنگیدان بە بەشە زانستیەکان ( بەتایبەتی بابەتی بیرکاری) و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دایک و باوکان سەبارەت بە گرنگی بەشە زانسییەکان. دەزگای روانگە هەوڵدەدات لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، ئارەزوی قوتابیان بۆ بەشە زانستییەکان زیاد بکات.

 کۆی گشتی ئەم قۆناغە ٦٠ قوتابی کێبڕکێ دەکەن بەشێوازی تاقیکردنەوە (لە هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی پەروەردە دە قوتابی کێبڕکێ دەکەن و یەک قوتابی سەردەکەوێت تاکو نوێنەرایەتی بەڕێوەبەرایەتی خۆی بکات.

لە قۆناغی پێشتر، ٦١٤ قوتابی پێشبڕکێیان کرد و ٦٠ قوتابی سەرکەوتن بۆ قۆناغی دووەم. لەم قۆناغەدا تەنها ٦ قوتابی سەردەکەون و لە قۆناغی سێیەم دووبارە پێشبڕکێ دەکەن، لە کۆتاییدا سێ قوتابی بەشێوازی راستەوخۆ پێشبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستپێنانی پلەی یەکەم ( پاڵەوانی بیرکاری لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان)، دووەم و سێیەم.

پيشبڕکێی بیرکاری چوار قۆناغ لە خۆ دەگرێت؛

  • قۆناغی یەکەم: ٦١٤ قوتابی کێبڕکی دەکەن و تەنیا ٦٠ قوتابی دەمێنێننەوە،
  • قۆناغی دووەم: ٦٠ قوتابی دەرچووی قۆناغی پێشوو کێبڕکێ دەکەن و ٦ قوتابی دەمێننەوە،
  • قۆناغی سێیەم: ٦ قۆتابی بەشدارن راستەوخۆ کێبڕکێ دەکەن و ٣ قوتابی سەردەکەون بۆ قۆناغی دواتر،
  • قۆناغی چوارەم: ٣ قوتابی بەشێوەی راستەوخۆ بەشدار دەبن و بە پلەی یەکەم، دووەم و سێیەم دەستنیشان دەکرێن.

بە ئامانجی زیادکردنی ئاستی پێشبڕکێیەکە و هاندانی قوتابیان بە بابەتی بیرکاری، براوەکان خەڵآت دەکرێن. براوەی یەکەم بڕی ٢ هەزار دۆلاری پێدەدرێت و گەشتێکی زانستی دەکات بۆ وڵآتێکی دیکە، هەروەها قوتابخانەکەی بڕی ٢ هەزار دۆلاری پێدەدرێت. پلەی دووەم بڕی هەزار و ٥٠٠ دۆلاری پێدەدرێت و بڕی هەزار و ٥٠٠ دۆلار دەبەخشرێتە قوتابخانەکە. براوەی سێیەم بڕی هەزار و ٢٥٠ دۆلاری پێدەدرێت و هەزار و ٢٥٠ دۆلار دەبەخشرێتە قوتابخانەکەی.

پێشبڕکێی بیرکاری بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دەزگای روانگە بە هاوکاری (وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان) و سپۆنسەری کۆمپانیای (ئەلحەیات پێپسی) ئەنجامیدەدات.