لە بۆنەیەکی نیشتمانی و مەعریفیدا بە ئامادەبوونی سەرۆک و دامەزرێنەری دەزگای روانگە بەڕێز (ادریس نێچیرڤان بارزانی) و چەندین شاعیر و نووسەر و ئەدیب و ئەدەب دۆستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و کەسایەتی لە پێگەی جیاواز، (دیداری شاعیران)ی لە شاری هەولێری پایتەخت ئەنجام دا. ئامانج لە دیدارەكە رێزگرتنە لە سەروەتی شیعریی نەتەوەكەمان، پەیوەستکردنی نەوەکان بە یەکتر، هاندانی نەوەی ئێستا و داهاتوو بۆ نووسینی شیعر، و هۆشیاری نەتەوەیی و گرنگیدان بە زمانی دایك لەڕێگەی شیعری كوردی.
دیدارەکە بە (تابلۆی میوزیکی پێکەوەژیان) دەستیپێکرد، تیمی میوزیکی دەزگای روانگە نمایشێکی راستەوخۆی گەشتی ئاواز و دەنگ و میوزیکی رەسەنی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستانیان پێشکەشکرد. دواتر لە چوارگۆشەی شیعری هاوچەرخی کوردی دا بە زارەكانی (سۆرانی کرمانجی، هەورامی، کەلهوڕی) شیعری نوێ خوێندرایەوە. لە بەشێكی دیكەی دیدارەکەدا دوو بابەت لەبارەی كێشەی شیعر و بەراوردێك لە نێوان شیعری دوێنێ و ئەمڕۆ، و دیققەت و مەعنا ئارایی لە شیعری نالی دا پێشکەش كرا.
لە بەشی دووەمی دیدارەكەدا پانێڵێكی تایبەت بەڕێوەچوو كە بریتیبوو لە دوو توێژینەوە لەبارەی شیعری ئافرەتانی كورد و هونەری شیعر. کاتژمێری شیعریش بڕگەیەكی دیكەی دیدارەکە بوو کە تێیدا شاعیرانی هەر چوار پارچەی کوردستان نوێترین شیعری خۆیان پێشكەش كرد. لە کۆتاییشدا خەڵاتی رێزلێنان پێشکەش بە دە شاعیر و توێژەری ئەدەبی کرا.
ئەم دیدارە نەک تەنها بۆنەیەکی شیعری بوو، بەڵکو بۆنەیەكی ئەدەبی و کولتووری و نیشتمانی بوو کە دەنگ و رەنگی هەموو شاعیرانی کوردستانی لە یەک شوێندا کۆکردەوە و سەلماندی کە شیعر هێشتا زیندووە و بەهێزە لە کوردستان. دەزگای روانگە بە ئەنجامدانی ئەم دیدارە دووپاتیکردەوە کە پابەندە بە پاراستن و گەشەپێدانی زمان و کولتووری کوردی و پشتگیریکردنی شاعیران و ئەدیبانی نیشتمان.