دەزگای روانگە لە چوارچێوەی بەشی کولتوور، گفتوگۆیەکی تایبەتی بە ناوونیشانی (داهاتوو لە ویست و دونیابینی گەنجاندا) بۆ ژمارەیەک لە گەنجانی شاری سلێمانی رێکخست.
لەم گفتوگۆیەدا، بەڕێز یاسین عومەر، مامۆستای زانکۆ، بابەتی (گۆڕینی توانست بۆ ڕەفتار؛ بناغەی دابینکردنی داهاتوو -کولتوورسازیی بە نموونە-) پێشکەشکرد. هەروەها مامۆستا هاوکار رەفیق، راهێنەر و مامۆستای زانکۆ، بابەتی (پرۆسەی پەیوەندییکردن و گەنج)ی خستەڕوو.
ئامانج لەم چالاکییەی دەزگای روانگە دابینکردنی زەمینەیەکە بۆ گوێگرتن لە بیر و روانینی گەنجان و گفتوگۆکردن دەربارەی داهاتوو، دەرفەتەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم لاوان لە کوردستان، بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری توێژی گەنجان و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان.