دەزگای روانگە تەواوی سیستەمی وزەی خۆر بۆ گوندی (گرێ بیێ)، قەزای باتیفا لە زاخۆ دابیندەکات

ژینگە | 28/8/2025
Rwanga Foundation Provides Complete Solar Energy System for (Gre Bie) Village – Batifa District, Zakho

دەزگای روانگە وەک بنەما و ستراتیژیەتی نیشتمانی لە بەرامبەر پرسی ژینگە و وزەی پاک،  لە ڕێگەی پرۆژەیەکی ژینگەیییەوە سەرچاوەی دابین کردنی تەزووی کارەبای گوندی (گرێ بیێ) سەر بە قەزای باتیفا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ڕێگەی سووتەمەنییەوە بەتەواوی گۆڕی بۆ وزەی خۆر. 

پرۆژەکە ٧٥٤ ئەمپێر کارەبا دابین دەکات، لەو بڕە ٣١٠ هاووڵاتی گوندەکە لێی سوودمەند دەبن. گوندەکە پێک دێت لە ٤٣ یەکەی نیشتەجێبوون و مزگەوتێک و قوتابخانەیەک کە بەتەواوی لە ڕێگەی وزەی خۆر تەزووی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە.

مەبەست لە دابینکردنی تەزووی کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە پاراستنی ژینگەی گوندەکانی کوردستان و هاندانی گوندنشینانە بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر زیادکردنی بەرهەمی خۆماڵی و ئاسایشی خۆراک دەبێت لە هەرێمی کوردستان.

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥ دەزگای روانگە تەزووی کارەبای لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە بۆ هەریەک لە گوندەکانی قامیش لە قەزای ماوەت سەر بە پارێزگای سلێمانی و گوندی گولەک سەر بە قەزای هەریر لە پارێزگای هەولێر دابین کردووە پلان وایە پرۆژەکە بەردەوامی هەبێت.

گوندی گرێ بیێ -  قەزای باتیفا – ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ